مۆسکۆ نێوەندگیری لە نێوان ئەمریکا و ئێران دەکات
ڕووسیا ڕایگەیاند، ئەگەر پێویست بێت ئامادەیە دەستی یارمەتی بۆ سەرکەوتنی دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا درێژ بکات، بەڵام بێ ئەوەی بیەوێت پێگەی خۆی بەسەر لایەنەکاندا بسەپێنێت.
پابەندبوونی مۆسکی بە چارەسەری دیپلۆماسی
سێرگی ڕیابکۆف، جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا لە دیمانەیەکیدا لەگەڵ ئاژانسی "تاس"ـی ڕووسی ئاشکرای کرد، مۆسکۆ هەمیشە پابەند بووە بە دۆزینەوەی چارەسەر، لە ڕێگەی کەناڵە سیاسی و دیپلۆماسییەکانەوە.
پێشوازی لە هەوڵەکانی واشنتن و تاران
ڕیابکۆف، پێشوازیی وڵاتەکەشی لە هەوڵەکانی واشنتن و تاران بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان پیشان دا و ستایشی ڕۆڵی کاریگەری پاکستانیشی کرد لە ڕەخساندنی زەمینە بۆ ئاشتییەکی بەردەوام.
کۆبوونەوەی لوتکەی چین
لەئێستاشدا ڤیلادیمیر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا لە پەکینی پایتەختی چینە، پوتن لە کۆبوونەوەیەکی لووتکەدا لەگەڵ شی جینپینگ، سەرۆکی ئەو وڵاتە، جەختی لەوە کردەوە، وڵاتەکەی وەک سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراوی وزە لە جیهاندا دەمێنێتەوە.
پوتن گوتیشى، لە ناوەڕاستی ئەم قەیرانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ڕووسیا بەردەوامە لە پاراستنی ڕۆڵی خۆی وەک دابینکەرێکی جێگەی متمانە، چینیش وەک بەکاربەرێکی بەرپرسیار ڕەفتار دەکات."
ئەجەندای هەردوو سەرۆک
ئەم سەردانە فەرمییەی پوتن بۆ چین، کە لە دوێنێ سێشەممەوە دەستیپێکردووە و بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت، تەنیا تایبەت نییە بە تاوتوێکردنی دۆسیە سیاسییە نێودەوڵەتییەکان، بەڵکو کەرتی نەوت و گاز لە پێشەنگی ئەجێندای هەردوو سەرۆکدایە.
لە پشت پەردەی کۆبوونەوەکانی پەکین، گفتوگۆکان لەسەر دوایین پێشهاتەکانی پرۆژەی ستراتیجی بۆریی گازی "هێزی سیبیریا 2" چڕ بوونەتەوە، کە بە یەکێک لە گرنگترین پڕۆژەکانی بەستنەوەی وزە لە نێوان ڕووسیا و چیندا دادەنرێت و پێگەی ئابووریی هەردوو وڵات لە بازاڕی وزەی جیهانیدا بەهێزتر دەکات.
20/05/2026