مامە شى" سەرکردە بەهێزەکەى ئاسیا

سەردانە یەک لە دوای یەکەکانی سەرکردەکانی جیهان بۆ پەکینی پایتەختی چین، چیتر تەنیا وێستگەى دیپلۆماسی ڕۆتینی نییە. بەڵکو لە ماوەی ساڵی 2026دا، بوونەتە بابەتێکى هاوشێوەى "زیارەت یان حەجى سیاسی".

دۆزینەوەى هاوبەشى ئابوورى

لە بەرلین و لەندەن و مەدریدەوە تاوەکو واشنتن و مۆسکۆ، سەرکردەکان ڕوو لە پەکین دەکەن بۆ گەڕان بەدوای هاوبەشی ئابووری، لێکتێگەیشتنی سیاسی، یان گرەنتی پەیوەست بە بازرگانی، وزە، شەڕ و ئاسایشی جیهانی.

گۆڕەپانى سیاسى چین

تەنیا لە ماوەی چەند مانگێکدا، پەکین میوانداری زنجیرەیەک سەرکردەی دیاری جیهانی کردووە، لەوانە فریدریش مێرز، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا و کییەر ستارمەر سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا و پێدرۆ سانچێز سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا. گۆڕەپانی سیاسی چین لە یەک هەفتەدا گەیشتە لوتکە و بە هاتنی سەرۆکی دوو زلهێزی سەربازیی گەورە جیهان.

چین وەک یاریزانێکى سەرەکى

دوابەدوای سەردانەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ چین، کە یەکەم سەردانەکەیە لە ماوەی نۆ ساڵدا، ڤیلادیمێر پوتنى سەرۆکی ڕووسیاش گەیشتە پەکین، ئەمەش پێشهاتێکە کە ڕەنگدانەوەی بەرزبوونەوەی پێگەی چینە وەک یاریزانێکی سەرەکیی لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا.

هۆشیارى جیهانى لە بەرامبەر پێگەى پەکین

ئەم لێشاوە بێ وێنەیەی سەرکردەکانی ڕۆژئاوا بۆ چین تەنیا پەیوەندی بە قورسایی ئابوورییەکەیەوە نییە، بەڵکو ڕەنگدانەوەی پەرەسەندنی هۆشیاری جیهانییە بۆ پێگەی پەکین وەک یاریزانێکی چارەنووسساز لە بازرگانی، وزە، جەنگ و تەکنەلۆجیا و ئاسایشی جیهانیدا، لە کاتێکدا سیستمی ڕۆژئاوا بەدەست دابەشکارییەکی توندو گێژاوی ئابووری و سیاسییەوە دەناڵێنێت، لێرەدا بەبێ باسکردن لە کەسایەتى و کاریزماى شى جینپینگ چیرۆکى سەرکەوتنى چین و هەڵکشانى پێگەکەى کورت دەهێنێت.

شى وەک پیاوێکى پاک

کاتێک شی جینپینگ لە ساڵی 2007دا بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو وەک جێنشینی ئەگەری هو جینتاو دەستنیشانکرا، کەسایەتییەکی کاریزما نەبوو، بەڵکو کەسێک بوو کە ئەزموونی کارگێڕی کەڵەکەبوو و ناوبانگێکی وەک پیاوێکی تاکو ڕادەیەک "پاک" هەبوو، توانای ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و ئابووریناسێکی بەرژەوەندیگەرا بوو.

پاشخانى پەروەردەى شى

لە ناو بازنەکانی ناوەوەی حیزبدا، ئەوکات وەک کەسایەتییەکی کۆدەنگی سەیر دەکرا، بەڵام چاوخشاندنێک بە پاشخان و پەروەردەکردنی، ئەوە دەردەخات ئەم ئەزموونانە تەنیا ئامادەکارییەک بوون بۆ بەرزبوونەوەی بۆ سەرکردایەتی، بۆ بەرەنگاربوونەوەى ئەو ئاڵنگاریانەى ڕووبەڕووی حزب و دەوڵەت بوونەتەوە، بەڵام ئێستا سەرۆکەکان یەک لە دواى یەک خۆیان بە کۆشکەکەیدا دەکەن.

نەوەى شازادە سوورەکان

کەم کەس لە دەرەوە و ناوەوەى چین دەزانن کە شی جینپینگ یەکەم سکرتێری حیزبە کە سەر بە چینی "شازادە سوورەکان"ـە- ئەو نەوەی شۆڕشگێڕانەی کە کۆماری میللى چینیان دامەزراندووە.

باوکی شی ژۆنگشون پۆستی باڵای هەبووە، لەوانە جێگری سەرۆکوەزیران سکرتێری گشتیی یەکەمی ئەنجوومەنی دەوڵەت و سەرۆکی بەشی پڕوپاگەندەی ناوەندی. هەروەها پۆستی هەستیاری هەبووە لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ یەکێتیی سۆڤیێت هەروەها لەگەڵ کۆریای باکوور.

لە دایکبوون و زێدى شى

شی، لە ساڵی 1953 لەدایکبووە و بەشێکی تەمەنی منداڵی لە شاری چونگنانهای بەسەر بردووە، لەوێ لە خوێندنگەکانى منداڵانی بەرپرسە پلە باڵاکان خوێندوویەتى، زیاتر وەک فەزای داخراو بۆ دروستکردنى کەسانى بژاردە بووە.

باوکى تۆمەتبار کراوە

باوکی دوای تۆمەتەکانی پەیوەست بەپەسەندکردنی بەرهەمێکی ئەدەبی کە بە ڕەخنەگرانە لە ماو دادەنرا، کەوتە دەربەدەری سیاسی و لەگەڵ دەستپێکردنی شۆڕشی ڕۆشنبیری، بنەماڵەکە تووشى چەرمەسەرى گەورە بوون. بەگوێرەی هەندێک لە گێڕانەوەکان، زڕخوشکەکەى لە ژێر فشاردا کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە، لە کاتێکدا دایکی بەناوی چی شین کە چالاکوانی کۆمۆنیست بووە، بە ئاشکرا زەلیل کراوە. بەڵام شی لە تەمەنی پانزە ساڵیدا خۆی لەناو ئەو  هەژدە ملیۆن گەنجە چینییە بینیەوە کە لە چوارچێوەی هەڵمەتی "سەرکەوتن بەرەو چیاو، دابەزین بۆ گوندەکان"دا ڕەوانەی لادێکان کرابوون.

ژیان لە ئەشکەوتەکان

لە لیانگجیاهێ لە پارێزگای شەنشی، ڕووبەڕووی جیهانێکی تەسک و قوڕاوى بووەوە: ئەشکەوتە قوڕاوییەکانی یاودۆنگ کە لە شاخەکاندا هەڵکەندراون، کارە کشتوکاڵییە پشت شکێنەکان، مێشوولەکان، کەمی خۆراک و نەبوونی تەواوەتی هیچ پەروەردەیەکی فەرمی. لەوێدا پەیوەندییەکی سۆزداری لەگەڵ جووتیاران و چینی خوارەوە دامەزراند، چین لە ڕەگوڕیشەی خۆیەوە ناسی و ئازارەکان "وەسوەسە"یەکی بۆ سەقامگیری سیاسی پێبەخشی کە دواتر یەکێک لە تایبەتمەندییە دیارەکانی سەرکردایەتییەکەی پێکدەهێنێت.

هەشت جار ئەندامێتى لە حیزبدا ڕەتکراوەتەوە

لە ماوەی حەوت ساڵی ژیانی لە لادێدا، داواکاری شی بۆ پەیوەندیکردن بە حیزبەوە هەشت جار ڕەتکرایەوە پێش ئەوەی دواجار وەربگیرێت و ببێتە سکرتێری لقی حیزبەکە لە گوندەکەدا. لە ساڵی 1975 لە "ئەشکەوتەکان" دەرچووە بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ پەکین و ناوی خۆی تۆمار بکات لە زانکۆی تسینگهوا.

گۆڕانکارییە سیاسییەکان دواى مردنى ماو

لەو کاتەدا نەک تەنیا چارەنووسی شی جینپینگ لە گۆڕاندا بوو، بەڵکو چارەنووسی هەموو چینیش دەگۆڕا. ماو لە ساڵی 1976 کۆچی دوایی کرد و دوای دوو ساڵ، دێنگ شیاوپینگ بوو بە سەرکردەی دیفاکتۆ، ئەمەش ڕێگەی خۆشکرد بۆ سیاسەتی "چاکسازی و کرانەوە" و گەڕانەوەی سەرکەوتووانەی شی جینپینگ بۆ دڵی دەسەڵات.

تاوەکو ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو، شی جونگشون باڵاترین پۆستی سیاسی لە پارێزگای گوانگدۆنگ وەرگرتبوو، کە دەروازەی چین بوو بۆ جیهانی سەرمایەداری، لەوێ سەرپەرشتی تاقیکردنەوەی ناوچە ئازادەکانی بازرگانی لە شێنژن و ژوهای کرد.

بیرۆکەکەى شى

لێرەدا بوو کە شی ئەو بیرۆکەیەی وەرگرت کە بازاڕ نەیار نییە بەڵکو ئامڕازێکە و هاوبەشی لەگەڵ کەرتی تایبەت خۆلادان لێى نییە، بەڵکو هاوبەشییەکە پێویستى بە کۆنترۆڵی سیاسیی مەرجدارە.

یەکەم هەنگاوى شى بۆناو دامەزراوەکانى دەوڵەت

دوای تەواوکردنی خوێندن لە ساڵی 1979، شی پۆستێکی وەک یاریدەدەر لە ئۆفیسی بەرپرسی باڵای بەرگریی (گێنگ بیاو) وەرگرت کە باوکی بە "نزیکترین هاوڕێی چەکدار" وەسفی کرد و لەوێدا تۆڕێکی بەرچاوی پەیوەندییەکانی ناو حیزب و سەربازی چاند.

ژیانى سیاسى

لە ساڵی 1982دا، بەڕاستی ژیانی سیاسی بە دوو ئەزموونی سەرەکی دەستی پێکرد. ئەزموونی یەکەم لە پارێزگای کشتوکاڵی هەژاری هێبی بوو، لەوێ ڕووبەڕووی ئاڵۆزییەکانی بەڕێوەبردنی ڕۆژانە بووەوە، کە بەهۆی سەرچاوە سنووردارەکان و پێداویستییە دەستبەجێکانەوە سنووردار بوو. لەوێ تێگەیشتنێکی کردەیی پەرەپێدا کە حوکمڕانی بە توانای بەڕێوەبردنی وردەکارییەکانی ڕۆژانە دەپێورێت نەک بە دروشمی بەتاڵ.

ئەزموونی دووەم لە ساڵی 1985 لە فوجیان بوو، دیمەنەکە گۆڕانکارییەکی گەورەی بەسەردا هاتبوو: بازرگانی سنووربەزێن، وەبەرهێنانی تایوان، قاچاخچێتی و تۆڕەکانی بەرژەوەندییە تایبەتەکان کە لەگەڵ بیرۆکراسی "دیوانسالارى"، بازرگانی و دەزگا ئەمنییەکان تێکەڵ بوون. لەوێدا بە "پیاوی پاک" ناسرا.

لەو کاتەوە بڕوابەخۆبوونەکەى چەسپا کە گەندەڵی سەرپێچییەکی تاکەکەسی نییە، بەڵکو پێکهاتەیەک کە توانای دروستکردنی ناوەندی دەسەڵاتی هاوتەریبی هەیە لەناو دەوڵەتدا کە هەڕەشە لە دەسەڵاتی حیزب دەکات.

بوون بە ئەندام لە مەکتەبى سیاسیی حیزب

ئەمەش ڕێگەی خۆشکرد بۆ ئەوەی شی سەرکردایەتی چجیانگ بکات و دواتر شەنگەهای پایتەختی دارایی چین، کە لە ساڵی2007 دا کارى کرد بۆ گەڕاندنەوەی دیسیپلین و کۆنتڕۆڵکردنی دەرئەنجامەکانی سکانداڵێکی گەندەڵی کە پەیوەندی بە هاوکارانی جیانگ زیمنى سەرۆکی پێشوو، هەبوو. هەر لەو ساڵەدا شی چووە ناو کۆمیتەی هەمیشەیی مەکتەبی سیاسی کە باڵاترین بازنەی دەسەڵاتە لە سیستمەکەدا و لە ساڵی 2008 بوو بە جێگری سەرۆککۆمار. زنجیرەیەک پۆستى دیکەى وەرگرت و تاوەکو لە کۆنفرانسی حیزب لە ساڵی 2012دا سەرکردایەتی حزب و وڵاتى گرتەدەست.

شەڕی گەندەڵی و چاکسازی سەربازی

دەستپێکردنی هەڵمەتەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە دوای دێنگ شیاوپینگەوە نەریتێک بووە بۆ سکرتێری گشتی، بەڵام زۆرجار دوای هەڵکشانی سەرەتایی خواستەکە بەرەو کاڵبوونەوە دەچوو، بەڵام هەڵمەتەکەی شی جینپینگ جددی بوو، "پڵنگەکان"ـی کردە ئامانج لە بەرپرسە باڵاکانەوە تاوەکو دەگاتە نزمترین کارمەند.

هەرچەندە مێژوویەکی هەیە لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، بەڵام هەڵمەتە نوێیەکەی وەک سکرتێری گشتی پەیوەستە بە گێڕانەوەیەکەوە کە لە چەند سەرچاوەیەکدا دەردەکەوێت، هەرچەندە بە گۆڕانکارییەوە. چیرۆکەکە مانگێک پێش هەڵبژاردنی وەک سکرتێری گشتی دەست پێدەکات، بە تایبەتی لە چواری ئەیلولی 2012، کاتێک شی لەناکاو هەموو کۆبوونەوەکانی هەڵوەشاندەوە، لەنێویاندا کۆبوونەوەیەکی بەرنامە بۆ داڕێژراو لەگەڵ هیلاری کلینتۆن وەزیری دەرەوەی ئەوکاتی ئەمریکا. بۆ ماوەی 15 ڕۆژ دەرنەکەوتەوە.

پێداگرییەکانى شى

دیارنەمانی ئەو شەپۆلێکی دەنگۆ و شیکاریی لێکەوتەوە. یەکێک لە گێڕانەوەکان باس لەوە دەکات کە لە کاتی گفتوگۆکانی حیزبەکەدا سەبارەت بە دامەزراندن، داواى لە دەسەڵاتێکى تەواوەتى کردووە بەبێ هیچ کۆتوبەندێک لەلایەن سەرکردە دێرینەکانى حیزبەوە، هەڕەشەى ئەوەشى کردووە ئەگەر ئەو دەسەڵاتى پێنەدرێت خۆى دوورەپەرێز دەکات.

لە کۆتاییدا، هەڵمەتەکەی شی زیاتر لە حەوت ملیۆن و 200 هەزار  کەسی گرتەوە لە ساڵی 2012 تاوەکو سەرەتای ساڵی 2026 لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا کرا، سزادران، یان دیسپلین کران، سەرکەوتوو بوو لە کەمکردنەوەی ئاستی گەندەڵی.

چەسپاندنى دەسەڵات لەڕێگەى مۆدێرنکردنى سەربازی

هەڵمەتی شی جینپینگ بۆ چاکسازی و مۆدێرنکردنی سەربازی کە میدیاکانی ڕۆژئاوا وەک پاکتاوکردنێک نیشانی دەدەن کە ئامانج لێی چەسپاندنی دەسەڵاتە لە دەستیدا، ڕەگ و ڕیشەی لە مشتومڕێکی درێژخایەندا هەیە.

بۆچوونى ماو و شیوعییەکان لەبارەى چەک و دەسەڵات

شیوعییەکان هەمیشە بە گومان و وریاییەوە سەیری سەربازیان کردووە. ماو تسی تۆنگ بەناوبانگ بوو ڕایگەیاند کە "حیزبی شیوعی دەبێت سەرکردایەتیی چەک بکات، چەکیش هەرگیز نابێت سەرکردایەتیی حیزب بکات". وڵاتانى ڕۆژئاوا لەمبارەیەوە ڕەخنەیان لە چین هەیە، کە گوایە لە ڕێکارە سەربازییەکاندا زیادەڕۆیى دەکات و خودى شى جینبینگیش کۆنترۆڵى سلکى سەربازیى کردووە.

زیندووکردنەوەى حیزب لەدەستى شى

ئەرکێکی دیکە کە شی وەک سکرتێری گشتی بە خێرایی دەستی پێکرد، زیندووکردنەوەی حیزب بوو وەک ئامێرێکی سیاسی-ئایدۆلۆجی. ئەرکی شی لە دوو سەرچاوەی جیاوازەوە سەرچاوەی گرتووە.

بۆچوونى شى لەبارەى هۆکارەکانى ڕووخانى یەکێتى سۆڤیێت

یەکەم: شی بۆچوونى وابوو کە یەکێک لە هۆکارەکانی داڕمانی یەکێتیی سۆڤیێت کە تاوەکو ئێستا بە شێوەیەکی گونجاو باسی لێوە نەکراوە، ئەوە بووە کە "پارتی کۆمۆنیستی یەکێتیی سۆڤیێت مێژووی خۆی لەبیر کردبوو".

بەبۆچوونى ئەو پێداچوونەوە توندەکانى سەردەمی ستالین بووە هۆی پچڕان لەگەڵ گێڕانەوەی دامەزرێنەر و لاوازبوونی پەیوەندی ڕەمزی نێوان ڕابردوو و ئێستا، ئەوەش بۆشایی لە شەرعیەتی ئایدیۆلۆجیدا لێکەوتەوە.

سەرچاوەی دووەم ئەوەیە کە شی خۆی کۆمۆنیستێکی سەرسەختە. بۆیە گەڕاندنەوەی حیزب بۆ بنەما سەرەکییەکانی خۆی، وەک ئەرکێکی شەخسی شی تەماشا دەکرێت، چەسپاندنى زیاترى بنەماى یەکحیزبى و وەلانانانى دیموکراسى فرەیى ڕەخنەیەکى باوە لە چین و چەوەساندنەوەى کەمینەکانیش یەکێک لە تۆمارە ڕەشەکان.

سەربارى ئەوەش لە سەردەمی شیدا چین گەیشتووەتە لوتکە. ژمارە ئابوورییەکان بۆ خۆیان قسە دەکەن. دەستکەوتە تەکنەلۆجییەکان لەلایەن ڕکابەرەکانەوە و هەروەها هاوپەیمانانەوە دانیان پێدا دەنرێت.

چین بە سەرکردایەتیی شی، تۆڕێکی کاریگەری جیهانی بەرچاوتر دروستکردووە. سەقامگیری سیاسی تاکە بابەتی بەرنامەی کارەکەی بووە و بۆچوونى وایە دواتر هەموو شتێکی بەدوایدا دێت.

مامە شى

لە دوای دەستبەکاربوونی لە دەسەڵات لە ساڵی 2012، ناوبانگەکەی لەناو چیندا بە خێرایی گەشەی کردووە، تاوەکو ئەو ڕادەیەی بووەتە تاکە سەرۆک کە چینییەکان بەناوی "شی دادا" یان "مامە شی"ـى بانگى بکەن.

نازناوى دادا

لە کولتووری چینیدا، نازناوی "دادا (大大) " بۆ ئاماژەکردن بە پیاوێکی بەساڵاچووى خاوەن ڕێز و خۆشەویست دێت، زۆرجاریش بۆ گەورەکانی خێزانی نزیک بەکاردێت، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە شی وەک گەورەى خێزان سەیر دەکرێت نەک تەنیا سەرکردەیەکی سیاسی.