ئەمڕۆ لیستى مووچە دەدرێتە وەزارەتى دارایى فیدراڵ

وەزارەتى دارایى لیستی مووچەی مانگی ئایار و ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوە ڕەوانەی بەغداد کرد، بریارە ئەمڕۆ ڕادەستى دارایى فیدراڵ بکرێت، بەڵام جارێ دیار نییە چەندە داهاتى نانەوتى دەنێردرێت.

دوێنێ ئێوارە لیستەکە ڕەوانەکراوە

وەزارەتەکە لە ڕاگەیێندراوێکدا گوتى "ئێوارەی چوارشەممە لیستی مووچەی مانگی ئایار، ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی نیسان لەلایەن تیمی تەکنیکی وەزارەتی داراییەوە ڕەوانەی بەغداد کراوە و سبەی پێنجشەممە ڕادەستی فەرمانگەی ژمێریاری وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ دەکرێت".

دیاریکردنى داهاتى نانەوتى

وەزارەتى دارایى لەبارەى بەدیاریکردنی داهاتی نانەوتی بۆ مانگی ئایار و ناردنی بۆ وەزارەتی دارایی عێراق، دەڵێت "لە ڕووی ژمێریارییەوە ئەو بابەتە پەیوەستە بە ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانەو تاوەکو کۆتایی مانگی ئایار و ناردنی سەرجەم داتاکان لە یەکە ژمێریارییەکانەوە بۆ بەڕێوبەرایەتیی گشتیی ژمێرکاری دەرناکەوێت داهات چەندە و چەندەش پشکی حکومەتی فیدراڵە".

وەزیرى دارایی هەرێم: با مانگ کۆتایی بێت داهات دەنێرن

چوارشەممە ئاوات شێخ جەناب وەزیرى دارایى بە کەناڵ8ـى گوت "هێشتا مانگ کۆتایی نەهاتووە با کۆتایی بێت، داهات دەنێرین". بەرپرسێکى داراییش کە نەیویست ناوى ئاشکرا بکرێت بە کەناڵ8ـى گوت "داهاتى نانەوتی فیدراڵى بۆ مانگى ئایار ناگاتە 60 ملیار دینار".

پابەندییەکانى سەر هەرێمى کوردستان

لە بەرامبەر مووچەدا حکومەتى هەرێمى کوردستان، ژمارەیەک پابەندى لەسەرە، ئەوانیش ڕادەستکردنى نەوت، ڕەوانەکردنى لیستى مووچە و ڕاپۆرتى تەرازووى پێداچوونەوە، ناردنى داهاتى نانەوتیی فیدڕاڵى و فرۆشتنى نەوت.

پێش جەژن مووچە دێت؟

هەر ڕۆژى چوارشەممە، ڕێبوار کەریم، ئەندامى لیژنەى دارایی ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق بە کەناڵ8ـى ڕاگەیاند، ئەگەر هەرێمى کوردستان پێش جەژن سەرجەم پابەندییەکان جێبەجێ بکات، بەغداد دەتوانێت تەمویلى مووچە بکات.

عێراق بۆ تەمویلى مووچەى فەرمانبەران چەندى پێویستە؟

عێراق مانگانە پێویستى بە هەشت تریلیۆن دینارە بۆ دابینکردنى مووچەى فەرمانبەران و خانەنشینان و مینحەى چاودێرى کۆمەڵایەتى و کەسوکارى شەهیدان، مووچەى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستانیش نزیکەى تریلیۆنێک دینارە.