پەیامی نوێی عەلی زەیدی لەبارەی گرووپە چەکدارەکان و پاراستنی وڵاتانی دراوسێ

کەناڵ8 21/05/2026
عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان
عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان

سەرۆکوەزیرانی عێراق هێرشەکانی سەر سعوودیە و ئیماراتی سەرکۆنە کرد و لیژنەیەکی تایبەتی بۆ لێکۆڵینەوە لەو هێرشانە و هەماهەنگی لەگەڵ ئەو دوو وڵاتە پێکهێنا.

کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانی

عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، سەرپەرشتی یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانیی عێراقی کرد. لە کۆبوونەوەکەدا پەرەسەندنە ئەمنییەکانی ناوچەکە و بارودۆخی ناوخۆی وڵات تاوتوێ کران و جەخت لەسەر سەقامگیریی سیاسی و سەربازی کرایەوە.

سەرکۆنەکردنی هێرشە درۆنییەکان

لە کۆبوونەوەکەدا، عەلی زەیدی بە فەرمی هێرشەکانی سەر وڵاتانی سعوودیە و ئیماراتی سەرکۆنە کرد. زەیدی ڕایگەیاند کە نابێت بە هیچ شێوەیەک خاکی عێراق یان ئاسمانی وڵات بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ بەکاربهێنرێت، ئەمەش دوای ئەوە هات کە لەم هەفتەیەدا هەردوو وڵات گرووپە چەکدارەکانی ناو عێراقیان بە ئەنجامدانی هێرشی درۆنی بۆ سەر خاکەکانیان تۆمەتبار کرد.

پێکهێنانی لیژنەی لێکۆڵینەوە و هەماهەنگی

سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرمی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان ڕایگەیاند، بڕیاردراوە لیژنەیەکی تایبەت بۆ لێکۆڵینەوە لەو هێرشانە پێکبهێنرێت. ئەم لیژنەیە ئەرکی هەماهەنگیکردنی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە سعوودیە و ئیمارات دەبێت بۆ گەیشتن بە ڕاستییەکان. هەروەها بڕیاردراوە ڕێکاری یاسایی و توند بەرامبەر هەر لایەنێک بگیرێتەبەر کە خاکی عێراقی بۆ ئەو مەبەستە بەکارهێنابێت.

پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەکان و کۆنترۆڵکردنی چەک

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا جەختکرایەوە لەسەر ئەوەی کە دەبێت چەک تەنها لە دەستی دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەتدا بێت. حکومەتی عێراق پابەندبوونی خۆی دووپاتکردەوە بۆ پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەکان و کۆمپانیا بیانییەکانی ناو وڵات و ڕێگریکردن لە هەر هەوڵێک کە زیان بە بەرژەوەندییە باڵاکانی عێراق و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی بگەیەنێت.

کەناڵ8

21/05/2026