ئەمڕۆ ڕۆژی جیهانیی چایە؛ عێراق نۆیەمین چاخۆری جیهانە و نرخیش لە هەرێم 10 هەزار دینار گران بووە

ڕۆژانە لەسەر ئاستی جیهان 2 ملیار و 160 ملیۆن کوپ چا دەخورێتەوە (فاو)
ڕۆژانە لەسەر ئاستی جیهان 2 ملیار و 160 ملیۆن کوپ چا دەخورێتەوە (فاو)

بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی چاوە، داتا نێودەوڵەتییەکان نیشانی دەدەن کە چا دوای ئاو دووەم باوترین خواردنەوەیە لە جیهاندا و عێراقیش لە پلەی نۆیەمی ئەو وڵاتانەدایە کە زۆرترین بڕی چا هاوردە دەکەن.

ئامارەکانی خواردنەوەی چا لە جیهاندا

بەگوێرەی ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی نەتەوە یەکگرتووەکان (فاو)، ڕۆژانە لەسەر ئاستی جیهان 2 ملیار و 160 ملیۆن کوپ چا دەخورێتەوە، ئەمەش بەو واتایەیە کە لە هەر چرکەیەکدا 25,000 کوپ چا لەلایەن دانیشتوانی زەوییەوە بەکاردەهێنرێت. لەسەر ئاستی تاکییش، وڵاتی تورکیا لە پلەی یەکەمدایە، بە جۆرێک هەر هاوڵاتییەکی ئەو وڵاتە ڕۆژانە زیاتر لە 3 کوپ چا دەخواتەوە.

بایەخی ئابووری و بەرهەمهێنانی جیهانی

بۆ وەرزی کشتوکاڵیی 2026، نزیکەی 30 ملیۆن تۆن چا لە جیهاندا بەرهەمهێنراوە و بەهای بازرگانییەکەشی لە نێوان 80 بۆ 100 ملیار دۆلاردایە. وڵاتی چین بە بەرهەمهێنانی 3 ملیۆن تۆن لە پلەی یەکەم و هیندستان بە 1.3 ملیۆن تۆن لە پلەی دووەم دێن، هەروەها وڵاتانی کینیا و سریلانکا لە ڕیزبەندی بەرهەمهێنەرە سەرەکییەکانی دیکەی جیهاندان.

پێگەی عێراق لە بازاڕی چادا

عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی زۆرترین چای تێدا دەخورێتەوە و لەسەر ئاستی جیهان نۆیەمین هاوردەکاری گەورەی چایە. هەروەها عێراق لە پلەی یەکەمی ئەو وڵاتانە دێت کە چای سریلانکا هاوردە دەکەن، بە جۆرێک ساڵانە بەهای ئەو چایەی عێراق دەیکڕێت زیاتر لە 200 ملیۆن دۆلارە.

کاریگەریی دۆخی سیاسی لەسەر نرخەکان

داخستنی گەرووی هوورمز و گەمارۆ دەریاییەکانی سەر ئێران، گۆڕانکاریی لە ڕێگەکانی هاوردەکردنی چا بۆ هەرێمی کوردستان دروستکردووە. بازرگانان ئێستا دوو ڕێگەی بەدیل بەکاردەهێنن؛ یەکەمیان لە ڕێگەی بەندەری عەقەبە لە ئوردن و دووەمیان لە ڕێگەی بەندەری مێرسین لە تورکیاوە. ئەم گۆڕانکارییە تێچووی گواستنەوەی زیاد کردووە و بووەتە هۆی گرانبوونی هەر کارتۆنێک چا بە بڕی 10,000 دینار.

بازاڕی چا لە هەرێمی کوردستان

لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستاندا زیاتر لە 30 بڕاندی جیاوازی چا بوونیان هەیە. بازرگانان بە دوو شێوە مامەڵە دەکەن؛ بەشێکیان چاکە هاوردە دەکەن و لێرە بەناوی بڕاندی تایبەتی خۆیان دەیپێچنەوە و دەیخەنە بازاڕ، بەشێکی دیکەشیان بڕاندە نێودەوڵەتییەکان وەک خۆی هاوردە دەکەن. یەکێک لە سەرچاوە سەرەکییەکانی دابینکردنی چا بۆ بازرگانانی هەرێم، کۆمپانیای "ئەکبەر بڕازەرز"ی سریلانکییە کە مێژووی دامەزراندنی بۆ ساڵی 1969 دەگەڕێتەوە.