وەزارەتی کشتوکاڵ: هاوردەکردنی هەنگ و هەنگوین بۆ هەرێمی کوردستان قەدەغە کرا

شانە هەنگوینێکی کوردستان
شانە هەنگوینێکی کوردستان

حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری قەدەغەکردنی هاوردەی هەنگ و هەنگوینی دا بە مەبەستی پاڵپشتیی بەرهەمی ناوخۆ و پاراستنی پیشەی هەنگەوانی، ئەمەش لەکاتێکدایە کە ساڵانە خواستی ناوخۆیی بۆ هەنگوین زیاترە لە بڕی بەرهەمهێنراو.

ئامانجی قەدەغەکردنی هاوردە

وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بڕیاریانداوە بە قەدەغەکردنی هاوردەکردنی هەنگ و هەنگوین بۆ ناو بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان. ئەم هەنگاوە وەک ڕێکارێکی یاسایی بۆ پارێزگاری لە پیشەی هەنگەوانی و ڕەخساندنی دەرفەت بۆ ساغکردنەوەی بەرهەمی هەنگوینی خۆماڵی لە بازاڕەکاندا گیراوەتەبەر.

پەرەپێدانی توانای هەنگەوانان

وەزارەتی کشتوکاڵ ئاماژەی بەوە کردووە کە لە ڕێگەی هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، کار دەکەن بۆ ڕاهێنان و پێشخستنی تواناکانی جوتیاران. هەروەها تاقیگەی پێشکەوتوو بۆ پشکنینی جۆر و کوالێتی و دیاریکردنی نەخۆشییەکانی هەنگ دابین کراوە، تاوەکو بەرهەمهێنان بەپێی پێوەرە جیهانییەکان بێت.

کوالێتی و هەناردەکردن بۆ دەرەوە

بەگوێرەی ڕاگەیێنراوەکەی وەزارەت، هەنگوینی کوردستان چەندین جار لە فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکاندا پلەی پێشەنگی بەدەستهێناوە. پلانی وەزارەت ئەوەیە کە کار لەسەر "بەبراندکردن" و بەپیشەسازی کردنی هەنگوین بکات بۆ ئەوەی پاش پڕکردنەوەی پێداویستی ناوخۆ، ڕەوانەی بازاڕەکانی عێراق و وڵاتانی دەرەوە بکرێت.

ئامارەکانی بەرهەمهێنان و خواست

ئەمڕۆ 20ی ئایار کە ڕۆژی جیهانیی هەنگە، ئامارەکان نیشانی دەدەن کە ساڵانە خواستی ناوخۆ بۆ هەنگوین لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 525 تۆنە. بەڵام ساڵی ڕابردوو بەهۆی وشکەساڵییەوە تەنها 400 تۆن هەنگوین بەرهەمهێنراوە. لە ئێستادا لە هەرێمی کوردستان 16,000 هەنگەوانی تۆمارکراو و 800,000 پوورە هەنگ بوونیان هەیە کە خەریکی ئامادەکاریین بۆ وەرزی نوێی بەرهەمهێنان.