پێشانگەی هونەریی لالۆ چیا کۆتاییهات

لە کۆلێژی هونەرەجوانەکانی شاری سلێمانی، پێشانگەی تایبەتی کارە هونەرییەکانی لالۆ چیا بەڕێوەچوو.

یەکەم پێشانگەی لالۆ چیا بوو

لە کۆلێژی هونەرەجوانەکانی زانکۆی سلێمانی، لالۆ چیا، شێوەکاری گەنجی کورد و خوێندکاری قۆناغی سێیەمی بەشی شێوەکاری، یەکەم پێشانگەی هونەریی تایبەتی خۆی، بە ناونیشانی "چرکە و ئەبەدییەت" کردەوە.

گوزارشت بوون لە مردنی ئاژەڵان

کارە هونەرییەکانی ئەم پێشانگەیەی لالۆ چیا، لە ئاستی ناوەڕۆکدا، گوزارشت بوون لە مردنی لەناکاوی شەش ئاژەڵ، کە خودی شێوەکار، ڕۆژانە لەسەر شەقامەکان بەر کۆتایی تراجیدیای مردنی ئاژەڵەکان دەکەوێت.

"تایبەت نین بە چەمکی ئاژەڵدۆستی"

لالۆ چیا لە لێدوانێکیدا بۆ کولتووری کەناڵ8 جەختی لەوە کردەوە، "کارەکانم لە چوارچێوەی چەمکی ئاژەڵدۆستی نییە گەرچی چەمکێکی گرنگە، بەڵکو مەبەست لێیان لەو هێزە بێباکەیە کە ئەم ئاژەڵانە لەناودەبات."

کارەکانی دوو کۆمەڵەی هونەریی بوون

پێشانگەکە، ڕێکەوتی 18 بۆ 21ی ئایار بەردەوامبوو، تیایدا لالۆ چیا، ژمارەیەک لە دیارترین کارە هونەرییەکانی خۆی نمایشکرد، لەوانە لەچوارچێوەی دوو کۆمەڵەی هونەریی: سێ تابلۆی قەبارە گەورە و سێ ئینستاڵەیشنی هونەری.