کاروانی حەوتەم و کۆتا کاروانی ئاوارەکانی عەفرین گەڕانەوە زێدی خۆیان

کاروانێک لە ئاوارەکانی عەفرین لە حەسەکە و قامیشلۆوە دەگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆیان. فۆتۆ: ستێرا نەبی - کەناڵ8
کاروانێک لە ئاوارەکانی عەفرین لە حەسەکە و قامیشلۆوە دەگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆیان. فۆتۆ: ستێرا نەبی - کەناڵ8

بەرەبەیانی ئەمڕۆ نزیکەی هەزار و 300 خێزانی ئاوارەی عەفرین کە لە شارەکانی قامیشلۆ و دێرک و عاموودا نیشتەجێ بوون بەرەو عەفرین بەڕێکەوتن و گەڕانەوە زێدی خۆیان.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەرەو عەفر بەڕێکەوتوون

ماوەیەکە ئەو خێزانانە ئامادەکاریی بۆ گەڕانەوەیان دەکەن، دوێنێ ئەو خێزانانە تاوەکو درەنگانی شەو لە یاریگای 12ـی ئازار لە قامیشلۆ کۆبوونەوە و بەرەبانی ئەمڕۆ بەرەو شاری عەفرین بەڕێکەوتن.

دواین کاروانی ئاوارەکانی عەفرینە

بەگوێرەی ڕاگەیێنراوێکی ئەحمەد هیلالی نوێنەری سەرۆکایەتیی سووریا بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی 29ـی کانوونی یەکەم، ئەمە کاروانی حەوتەم و دوایین کاروانی ئاوارەکانی عەفرینە کە دەگەڕێنەوە شارەکەیان.

ڕێککەوتنی هەسەدە و دیمەشق

یەکێک لە خاڵەکانی ڕێککەوتنی 29ـی کانوونی یەکەمی نێوان هێزەکانی هەسەدە و حکومەتی کاتی سووریا، گەڕانەوەی ئاوارەکانە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.

پێشتریش شەش کاروانی ئاوارەکانی عەفرین لە ناوچەکانی جەزیرە و کۆبانێ گەڕاونەتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.

کاروانی شەشەم لە رۆژی 19ـی ئەم مانگە، کە لە 600 خێزان پێکهاتبوون، گەیشتنەوە شاری عەفرین.

ڕۆژی 18ـی ئازاری 2018 سوپای تورکیا و گرووپە چەکدارەکانی سەر بەو وڵاتە، دەستیان بەسەر شاری عەفریندا گرت و بەوهۆیەوە بە سەدان هەزار کورد بۆ ناوچەکانی دیکەی ڕۆژئاوای کوردستان و سووریا ئاوارە بوون.