دەستگیرکردنی کەسایەتییە بەناوبانگەکانی تورکیا لەسەر ماددەی هۆشبەر بەردەوامە
هەڵمەتی دەستگیرکردنی کەسایەتییە بەناوبانگەکانی تورکیا لەسەر دۆسیەی ماددە هۆشبەرەکان بەردەوامە و 16 کەسایەتی دیکەی بەناوبانگ دەستگیرکراون.
بەکارهێنانیان ئاسان کردووە
بەگوێرەی ڕاگەیێنراوی داواکاری گشتیی کۆماریی ناوچەی باکرکۆی ئیستانبوڵ، لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکاندا، هەڵمەتێک دژی ئەو کەسانە بەڕێوەچووە کە بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان ئاسان دەکەن، شوێنی بۆ دابین دەکەن و بەکاری دەهێنن.

گوتە لە 20 کەس و زیاتر وەرگیراوە
وەکو لە ڕاگەیێنراوەکەدا هاتووە، هەڵمەتەکە بەمەبەستی دەستگیرکردن، پشکنین، ئەنجامدانی پشکنینی بایۆلۆژی و وەرگرتنی گوتە لە 25 کەس ئەنجامدراوە، کە کەسایەتی دیار و بەناوبانگی تورکیان.
کەسایەتییەکان کێن؟
لە هەڵمەتەکەدا کە لە 14 ناوچەی ئیستانبوڵ ئەنجامدراوە، 16 لەو کەسانە دەستگیرکراون کە ناویان لە دۆسیەکەدا هاتووە و دیارترینیان بریتین لە مابێل ماتیز (فاتیح کاراجا)، فەیزا جیڤەلەک، ڤۆڵکان باهچەکاپیلی، ئۆنور تونا و عوسمان هاکتان جانەڤی.
ئەو کەسانە بە تۆمەتی کڕین، قبوڵکردن یان هەبوونی ماددەی هۆشبەر، هاندان بۆ بەکارهێنان، بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر و ئاسانکاری بۆ بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر دەستگیرکراون.

چەند مانگێکە هەڵمەتەکە بەردەوامە
لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا، چەند هەڵمەتێکی دیکەی دەستگیرکردنی کەسایەتییە بەناوبانگەکانی تورکیا لەسەر دۆسییەی ماددە هۆشبەرەکان بەڕێوەچوو، کە تێیدا ژمارەیەکی زۆر هونەرمەند و کەسایەتی دەستگیرکران لەوانەش، ئالینا تیلکی، حادیسە ئاچیگوێز و ئیرەم دەریجی.
21/05/2026