لە دوو هەفتەدا پلەی زیاتر لە 11 هەزار ئەفسەر و کارمەند پێشمەرگە بەرزکراوەتەوە

لە دوو هەفتەی ڕابردوودا زیاتر لە 11 هەزار و 99 ئەفسەر و کارمەندی وەزارەتی پێشمەرگە و هێزەکانی هەشتا، پلەیان بەرزکرایەوە و لە چەند ڕۆژی داهاتوودا پلەبەرزکردنەوەی هێزەکانی حەفتا ڕاگەیێنرێت. بەڵام سەرجەمیان تاوەکو پەسەندکردنی بودجەی 2026 مووچە زیادکراوەکەیان بۆ خەرج ناکرێت.

پلەبەرزکردنەوەى ئەفسەرانى یەکەى 80

وەزارەتى پێشمەرگە لە ڕۆژى 11ـى ئایار پلەبەرزکردنەوەى دوو هەزار و 341 ئەفسەرى سەر بەوەزارەتەکەى ڕاگەیاند کە سەرجەمیان سەر بە وەزارەتى پێشمەرگە و یەکەى 80 بوون.

بەڵێننامەیان پێپڕکراوەتەوە

بە گوێرەی زانیارییەکانی کەناڵ8، هەموو ئەو ئەفسەرانە پێش ئەوەی پلەیان بەرزبکرێتەوە بەڵێننامەیان پێ پڕکراوەتەوە کە مووچەى پلەبەرزکردنەوەیان بۆ خەرج ناکرێت تاوەکو پەسەندکردنى بودجەى ساڵى 2026ـی عێراق.

لە نەورۆزدا پلەى 8 هەزار و 758 ئەفسەرى بەرزکردەوە

هەروەها ڕۆژی چوارشەممە 20ـی ئایار، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پلەبەرزکردنەوەی هەشت هەزار و 758 کەسى لە چوارچێوەی خشتەکانی نەورۆزی 2026 ڕاگەیاند. ئەم بڕیارە ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە لە فیرقەکان و لیواکانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەدا ئەرکەکانیان ڕادەپەڕێنن و شایستەی بەرزبوونەوەی پلەکانیان بوون.

پلەدارەکان چى و چى بوون؟

بەگوتەی بەرپرسێکى وەزارەتى پێشمەرگە بۆ کەناڵ8، ئەوانەى لە 20ـى ئایار پلەکانیان بەرزکراوەتەوە، ڕێپێدراو (مفەوەز)ـى سەر بەوەزارەت بوون، لە ڕێپێدراوى دەرەجە هەشت تاوەکو مفەوەزى دەرەجە یەک (نائیب زابت، گوتیشى "نائیب زابت مووچەى مانگانەى یەک ملیۆن و 200 هەزار دینارە".

لە چاوەڕوانى یاساى بودجەى عێراق

ئەوەشى خستەڕوو، لەگەڵ ئەوەى بە فەرمى پلەکانیان بەرزکراوەتەوە، هاوشێوەى پلەدارەکانى دیکەى وەزارەتى پێشمەرگە گۆڕانکارى لە مووچەکانیاندا ڕوونادات تاوەکو یاساى بودجە لە عێراق نەبێت، بەڵام هەرکات یاساى بودجە هەبێت مووچەى مانگانەیان لە پێنج هەزار تاوەکو 20 هەزار دینار زیاد دەکات.

کەمترین مووچە چەند دەبێت؟

باسى لەوەشکرد، کەمترین مووچەى پێشمەرگەیەکى ئاسایی کە مفەوەزێکى دەرەجە هەشتە مانگانە 501 هەزار دینارە، هەروەها ئەگەر هاوسەرى هەبێت 70 هەزار دینار و بۆ هەر منداڵێک 15 هەزار دینار و  تاوەکو چوار منداڵ دەرماڵەى دەبێت، گوتیشى" ئەگەر ئەو کەسە سەر بە لیوا هاوبەشەکان نەبێت، ئەوا مانگانە بڕى 110 هەزار دینار مانگانە پێدەدرێت لە برى خواردن، چونکە لە لیوا هاوبەشەکان خواردن دابیندەکرێت".

سەبارەت بە هێزەکانى 70ـى پێشمەرگە

هاوکات فەریق ڕوکن عومەر ساڵح، فەرماندەى یەکەى حەفتاى هێزى پێشمەرگەى کوردستان ڕۆژی چوارشەممە بە میدیاکانی ڕایگەیاند، چەند لیستێکى پلەبەرزکردنەوەى هێزەکانى حەفتا ڕەزامەندیی لەسەردراوەو کار بۆ ئامادەکردنى چوار لیستى دیکە دەکەن کە لە ئەیلوولى 2024ـەوە دەست پێدەکات تاوەکو نەورۆزى 2026.