ئەرێ حزب و حکومەت لە کوێن؟
کاتێک یانەی هەولێر لە یاریگاى فرانسۆ هەریری یاری دەکات، لە ڤی ڤی ئای پی لەبەر مەسئول و قات لەبەرەکان، کە زۆربەیان نازانن فوتبوڵ چییە، جێی دوو وەرزشوانی خاوەن مێژوو و کەسایەتی نییە دابنیشن، ئەدی ئێستا لەو کۆتایی وەرزە و لەو کاتە هەستیارەدا، دروستکردنی ئەو کێشانە چییە و لە پێناو چییە و لە بەرژەوەندی کێیە؟ بۆچی بەرپرسانی حزب و حکومەت و قات لەبەرەکان دەنگیان لێوە نایەت؟
ئەو یانەیە نوێنەرایەتی کورد و هەولێر دەکات لە عێراق و ناوچەکە، کەچی هەیبەت و مێژووی، رۆژ لە دوای رۆژ ناشرینتر دەکرێت و بووە بە کەرەستەی دەستی لق و ناوچە و مەکتەبی فڵان و مەکتەبی فیسار و بەرپرسانی حکومی لە شار، کێشەی قەرز و ئیدارەی یانەکەش هەروەک خۆیەتی و هێشتا زیاتر دەبێت، دەبێت بپرسین تا کەی رێگە دەدرێت یانەی هەولێر بکرێتە شوێنی ململانێی شەخسی و پیاوان و ژنانی حزب و کوتلەکان؟
تاکەی یانەی هەولێر بۆ بەرژەوەندیی کەسی بەکاردەهێنرێت؟ یانەی هەولێر پڕبووە لە دەموچاوی نەویستراو و هیچ نەزان و کەی پاک دەکرێتەوە؟
هیچ کات نەمویستووە یەک وشەی توند لەسەر یانەی گەورەی شارەکەم بنووسم، بەڵام ئیتر ناخۆشتان کرد، ئەوە یانەی شارێک و هەرێمیک و وڵاتێک و میللەتێکی عاشق بە وەرزش و دۆستایەتی و خۆشەویستییە.
تاکەی رێز لە هەست و سۆزی خەڵکی شار ناگرن؟ تاکەی رێز لەو هاندەرە دڵسۆزانە ناگرن؟ کە هەموو کات لە پشت یانەکەن و بە پارەی خۆیان بلیت دەکڕن، بۆ سەرکەوتنەکان ئاهەنگ دەگێڕن و بۆ دۆڕانەکانیشی دەگرین و خەمبار دەبن.
هەر یارییەک دەیان هەزار کەس لەو یاریگەیە ئامادەن و درێس و ئاڵای زەرد دەپۆشن، ئەرێ کامە بەرپرسی ئەو هەرێمە و ئەو هەولێرە سەد کەسی لێ کۆدەبێتەوە ئەگەر ئیڤێنتێکی هەبێت؟ مەگەر لە بارەگاکانی حزبەوە خەڵک تەبلیغ نەکرێن ئامادەبن و مەرجە ئامادەبن، کەچی ئەو هاندەرانە بەوپەڕی دڵپاکی و خۆشەویستییەوە لەو یاریگایەی فرانسۆ هەریری و یاریگەکانی بەغدا و بەسڕە جوانترین نوێنەرایەتی یانەکە و شارەکە و رەنگی یانەکە دەکەن.
21/05/2026