زیندانیکراوێکی کورد پاش 32 ساڵ بەند کردن ئازادکرا

عەبدوڵا ئاڵتونتاش، لەلایەن کەسوکارەکەیەوە پێشوازی لێدەکرێت
عەبدوڵا ئاڵتونتاش، لەلایەن کەسوکارەکەیەوە پێشوازی لێدەکرێت

لە تورکیا ئازادکردنی زیندانیکراوە سیاسییەکانی کورد بەردەوامە، کە ماوەی زیندانیکردنیان تەواو بووە و ئەمڕۆش زیندانیکراوێکی کورد پاش 32 ساڵ مانەوە لە زیندان ئازادکرا.

لە زیندانى کۆجاعلە بووە

عەبدوڵا ئاڵتونتاش، پاش بەسەربردنی 32 ساڵ لە زیندانەکانی تورکیا، ڕۆژی پێنجشەممە، لە زیندانی کۆجاعلەی ئازادکرا.

کەسوکارەکەى ئامادەبوون

ئاڵتونتاش لە لایەن کەسوکار و ڕێکخراوەکانی تایبەت بە زیندانیکراوە سیاسییەکانەوە پێشوازی لێکرا.

شەشەم زیندانیکراو

ئەمە دەبێتە شەشەمین زیندانیکراوی کورد، پاش بەسەربردنی زیاتر لە 30 ساڵ لە زیندانەکانی تورکیا، لەم مانگەدا ئازادکراون.

ئازادکردنى زیندانیان دوادەخرێت

زۆربەی زیندانیکراوە سیاسییەکان، سەرەڕای تەواوکردنی کاتی سزاکەیان، ئازادکردنیان دوادەخرێت، ئەوەش بەهۆی ئەو سزایەی لەلایەن ئیدارەی زیندانەکەوە بەسەریاندا دەسەپێنرێت.

34 ساڵ لە زیندان

نەدیمە یاکلاڤ، یەکێکى دیکە بوو لەو زیندانیکراوانە کە نۆی ئەم مانگە و پاش بەسەربردنی 34س ساڵ لە زیندانەکانی تورکیا ئازادکرا.

یەکەمین کەس لە مێژووى تورکیا

بەو جۆرەش بووە یەکەمین کەس کە لە مێژووی کۆماری تورکیا، زۆرترین کات لە زیندان مابێتەوە.

مێد توهاد-فەد چى دەڵێن؟

پێشتر کەرەم جانپۆڵات، هاوسەرۆکی فیدراسیۆنی ڕێکخراوەکانی هاودەنگی و یاسایی کەسوکاری زیندانیکراو و سزادراوانی مێد ناسراو بە "مێد توهاد-فەد" بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاندبوو، لە ماوەی پێنج دەیەی ڕابردوودا، ژمارەیەکی زۆر ئەندام، بەرپرس و لایەنگری پەکەکە لە تورکیا دەستگیرکران و بە زیندانیکردنی هەمیشەیی سزادران، کە دەکاتە 30 ساڵ زیندانیکردن.

600 کەس سزای زیندانی هەمیشەییان لەسەرە

لە بارەی ژمارەی ئەو کەسانەوە جانپۆڵات گوتی، ژمارەیەکی تەواو لە بەردەستدا نییە، بەڵام نزیکەی 600 کەس هێشتا لە زیندانەکاندان، کە بە زیندانیکردنی هەمیشەیی سزادراون.

پڕۆسەی ئاشتیش نەبووەتە هۆی ئازادکردنیان

لەگەڵ دەستپێکردنی پرۆسەی ئاشتی لە یەکی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردووەوە، چاوەڕواندەکرا زیندانیکراوە سیاسییەکان ئازادبکرێن، بەڵام هێشتا ژمارەیەکی زۆر زیندانیکراو، سەرەڕای تەواوکردنی 30 ساڵ زیندانیکردن، ئازادنەکراون.

"جیاکاری و دابەشکردن و دابڕینی بەشێک لە خاکی تورکیا"

ئەو کەسانەی بە زیندانیکردنی هەمیشەیی لە زینداندان، لەسەر دۆسییەی پەکەکە و بە تۆمەتی "جیاکاری، دابەشکردنی خاکی تورکیا و دابڕینی بەشێک لە خاکی تورکیا"، لەلایەن دادگای ئاسایشی دەوڵەتەوە سزادراون. زۆربەی ئەو کەسانەی ئێستا لە زیندانن و بەهەمیشەیی سزادراون، لە ناوەڕاستی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو، دەستگیرکران و سزادراون.