پزیشکیان و فەرماندەى سوپا کۆبوونەوە

مەسعود پزیشکیان سەرۆککۆمار و ئەمیر حاتەمی فەرماندەى گشتیى سوپا
مەسعود پزیشکیان سەرۆککۆمار و ئەمیر حاتەمی فەرماندەى گشتیى سوپا

سەرۆکایەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕایگەیاند، فەرماندەى سوپا، مەسعود پزیشکیان سەرۆککۆماری لە ئامادەیی سەرجەم یەکەکانی سوپا لە تەواوى سکتەرەکان دڵنیا کردووەتەوە، لە کاتێکدا پاکستان هەوڵەکانی نێوەندگیری لە تاران بەردەوامە.

ڕاپۆرت سەبارەت بە دوایین پێشهاتەکان

ئەمیر حاتەمی فەرماندەى گشتیى سوپا، پێنجشەممە ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە دوایین پێشهاتەکانی ئۆپراسیۆن و ڕێوشوێنە بەرگرییەکانی سوپا لە کاردانەوە بە جموجۆڵەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل پێشکەشى پزیشکیان کردووە.

توانا سەربازییەکانى سوپاى پاسداران

بەگوێرەی ڕاگەیێندراوەکە، حاتەمى ئامادەیى و بەرزکردنەوەی تواناى جەنگى سوپاى لە ماوەی ئاگربەستدا بۆ سەرۆککۆمار ڕوونکردووەتەوە.

سوپا ئامادەیە

ئەمیر حاتەمى، جەختیکردووەتەوە سوپا بەتەواوی ئامادەیە بۆ هەر وەڵامێکی یەکلاکەرەوە و پەشیمانکەرەوە کە شایستەی کۆماری ئیسلامی ئێران بێت بۆ هەر هەڕەشەیەک، دەستدرێژییەک، یان کردەیەکی "سەرگەردانانە" کە لە دژی وڵاتەکەیان بکرێت.

پەیامى پزیشکیان لەبارەى سوپا

لە بەرامبەردا پزیشکیان ڕایگەیاندووە، سوپا بە ئۆپراسیۆنە گەورەکانى هێزى خۆى بۆ بەرگریى لە وڵات پیشاندا و نەیهێشت دوژمنان ئامانجە ترسناکەکانیان لە دژی نەتەوەی ئێران بەدیبهێنن.

گوتوشیەتى "حکومەت بە هەموو توانایەوە لەگەڵ هێزە چەکدارەکان وەستاوە".

دانوستانەکانى ئیسلامئاباد

ئەم ئاماژە سەربازیانە هاوکاتە لەگەڵ هەوڵەکانى ئیسلامئاباد بۆ نێوەندگیرى، هەر ئەمڕۆ مەسعود پزیشکیان سەرۆککۆمارى ئێران موحسین نەقوی، وەزیری ناوخۆی پاکستان، دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکەی تاوتوێ کرد و جەختی لە سەر پێویستی درێژەدان بە ڕاوێژکارییە سیاسییەکان و پتەوکردنی هاوکارییە ناوچەییەکان کردەوە.

پەیام و دیدیى بەرپرسانى پاکستان

وەزیرە پاکستانییەکە، لە دیدارەکەدا پەیام و دیدی بەرپرسانی پاکستانی سەبارەت بە ڕەوتی پێشهاتەکانی ئێستا و گرنگی درێژەدان بە نزیکبوونەوەی دانوستان و لێکتێگەیشتن بە پزیشکیان گەیاندووە.

ڕەتکردنەوەى پێشنیازەکەى ئێران

لە 10ـى ئایاردا، ئێران وەڵامى پیشنیازەکەى ئەمریکاى لە ڕێگەى پاکستانەوە بە واشتن گەیاند، بەڵام دۆناڵد ترەمپ ڕەتیکردەوە.

وەستانى دانوستانەکان

لە ئەنجامی وەستانی دانوستانەکانی لەگەڵ تاران، ئەمریکا لە 13ـی نیسانەوە گەمارۆیەکی بەسەر بەندەرەکانی ئێراندا سەپاند، لەنێویاندا گەمارۆی گەرووی هوورمز کە ڕێڕەوێکى گەورەى وزەی جیهانییە.