ترەمپ: بەهەر ڕێگەیەک بێت یۆرانیۆمەکەی ئێران بەدەست دەهێنین

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانی لە ئۆفیسی ئۆڤاڵ جەختی کردەوە، بەهەر ڕێگەیەک بێت یۆرانیۆمی زۆر پیتێنراوی ئێران بەدەستدەهێنن و ڕێگە نادەن ببنە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، گوتیشی بەهۆی گەمارۆکانیانەوە ئێران ڕۆژانە 500 ملیۆن دۆلار زیانی پێدەگات و بە تەواوی کۆنتڕۆڵی گەرووی هوورمز لە دەستی ئەواندایە.

توانا مووشەکییەکانى ئێران لەناوبراون

سەرۆکی ئەمریکا دووپاتیکردەوە کە 75%ـی توانای مووشەکیی ئێرانیان لەناوبردووە و ئەو بڕە یۆرانیۆمەش لە ئێران وەردەگرنەوە کە تاوەکو ڕێژەی 60% پیتێنراوە، گوتیشی:"ئێمە پێویستمان بەو یۆرانیۆمە پیتێنراوە نییە و نامانەوێت، ڕەنگە دوای ئەوەی بەدەستمان هێنا لەناوی ببەین، بەڵام ڕێگە نادەین ئێران ئەو یۆرانیۆمەی هەبێت".

سەپاندنى پارەى ترانزێت

لە بارەى گەرووی هوورمزیش ترەمپ ڕەتیکردەوە ڕازی ببن بە سەپاندنی پارەی ترانزێت بەسەر کەشتییە بازرگانییەکاندا لەلایەن ئێرانەوە، جەختی لە گرنگیی ئازادی جموجوڵی بازرگانیی کەشتیوانی و گەرووە ستراتیجییەکە کردەوە.

موجتەبا گواستنەوەى یۆرانیۆمەکەى قەدەغەکردووە

ئەمەش لە کاتێکدایە، دوو سەرچاوەی باڵای ئێرانی بە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە، موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران ڕێنمایی دەرکردووە، گواستنەوەی یۆرانیۆمە زۆر پیتێنراوەکەی ئێران بۆ دەرەوەی وڵات قەدەغە دەکات.