هاوردەکردنی ئاژەڵ بۆ هەرێمی کوردستان کەمیکردووە
بەهۆی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و داخستنی فڕۆکەخانەکان لە کاتە جیاوازەکاندا، خواست بۆ هاوردەکردنى ئاژەڵ کەمیکردووە بەراورد بە ساڵى ڕابردوو.
2025؛ 41 هەزار و 942 جوانەگا هاوردەکراوە
بەگوێرەى ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی سامانی ئاژەڵ لە پارێزگاى سلێمانی، ساڵی 2025 خواست و داواکاریی کۆمپانیاکان بۆ هاوردەکردنی جوانەگا 41 هەزار و 942 سەر بووە، لە جەژنى قوربانى ساڵى ڕابردوو تەنیا لە سەربڕخانەی سلێمانی و دەوروبەری سێ هەزار و 202 سەر ڕەشەوڵاخ کراوەتە قوربانی، بەڵام لە سەرەتاى ئەمساڵ تاوەکو ئێستا خواست لەسەر هاوردەکردنى تەنیا پێنج هەزار سەر جوانەگا هەبووە کە ئەویش دڵنیایی نادرێت، کە بتوانرێت سەرجەمیان هاوردە بکرێن بەهۆی داخستنی دوو مانگی ئاسمانی عێراقەوە.
جەژنى قوربانى ڕابردوو 22 هەزار و 873 سەر ئاژەڵ کراوەتە قوربانى
هەر بە گوێرەى ئامارەکە، ساڵی ڕابردوو مۆڵەت بە هاوردەکردنی 13 هەزار و 192 سەر کاوڕ و بەرخ دراوە، تەنیا لە مانگی حوزەیرانى ساڵى ڕابردوو کە جەژنى قوربان بوو، بە ئاژەڵی ناوخۆ و هاوردە 22 هەزار و 873 سەر ئاژەڵ کراوەتە قوربانی لە کوشتارگەکانی سلێمانی و دەوروبەری، بەڵام لە سەرەتاى ئەمساڵدا، خواستى هاوردەکردن بەجۆرێک کەمبووەتەوە کە تەنیا پێنج هەزار و 23 سەرئاژەڵ داواکراوە تاوەکو هاوردە بکرێت.
21/05/2026