بەشێک لە هاندەرانى هەڵبژاردەى عێراق ناتوانن بچنە ئەمریکا
لەگەڵ نزیکبوونەوە لە کاتی بەڕێوەچوونی مۆندیال، پێدەچێت ئامادەبوونی هاندەرە عێراقییەکان لە یاریگاکان و گەشتکردن بۆ ئەمریکا و مەکسیک و کەنەدا قورس بێت، ئەوەش بەهۆی ڕێکارەکانى پێدانی ڤیزا بە هاوڵاتییە عێراقییەکان و تێچووی زۆری مانەوە لەو وڵاتانە.
دانانى 20 هەزار دۆلار لە بانک
بەگوێرەی کۆمپانیا گەشتیارییەکانی عێراق، وەرگرتنی ڤیزای ئەمریکا ئاڵنگاری گەورەیە لەبەردەم ئامادەبوونی بەشێکی زۆر لە هاندەرانی عێراق بۆ یارییەکانی مۆندیال و پشتگیریکردنیان لە هەڵبژاردەکەیان، بەوپێیەی هەر کۆمپانیایەکی گەشتیاریی بیەوێت ڤیزا بۆ گەشتیارانی عێراق وەربگرێت، دەبێت بڕێکی زۆری پارە لە هەژمارە بانکییەکانی ئەمریکا دانابێت کە بگاتە سێ تاوەکو 20 هەزار دۆلار.
پێدانى ڤیزا ئاسان نییە
باس لەوەشدەکەن، پێدانی ڤیزا بە هاوڵاتییانی عێراقی ئاسان نییە و وردەکاری زۆری هەیە.
تێچووى مانەوە بەربەستێکى دیکە
ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە، جگە لە قورسی وەرگرتنی ڤیزا بۆ هاوڵاتییانی عێراق، تێچووی زۆری بلیتى گەشت و تێچووی مانەوە لە ئەمریکا، کەنەدا و مەکسیک بەربەستیکی دیکە دەبێت لەبەردەم سەرجەم هاندانی عێراقدا کە بەشێکیان نەتوانن دابینی بکەن.
وەرگرتنى ڤیزا مەرجە
عەتا ئەنوەر، سەرۆکی یەکێتی کۆمپانیا گەشتیارییەکان لە سلێمانی بە کەناڵ8ـى ڕاگەیاند، گەشتکردنی هەر هاونیشتمانییەک لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ ئەمریکا و کەنەدا یاخود مەکسیک، وەک هەر وڵاتێکی دیکەیە و دەبێت ڤیزا وەربگرێت، لە یەکەم هەنگاویدا نۆرەگرتنە بۆ ئەنجامدانی دیدار لە کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر یاخود باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغداد.
نۆرەگرتنى ڤیزا
گوتیشی، ئەو نۆرەگرتنە بە ئۆنلاین، یاخود لە ڕێگەی نووسینگە گەشتیارییەکانەوە دەبێت، ئەمەش زۆرجار ماوەیەکى زۆرى دەوێت، ئەوەش بەهۆی زۆریی داواکان بۆ وەرگرتنى ڤیزا.
دەبێت هەژمارى کەسەکە چەندى تێدابێت؟
گوتیشی، بوونى پارە لە هەژماری بانکی ئەو کەسە و پشتگیریی کار، ڕێکارى دیکەن بۆ وەرگرتنى ڤیزا، باشترە هەژماری بانکیی کەسەکە، هەشت تاوەکو 12 ملیۆن دینارى تێدابێت.
نرخى ڤیزا چەندى تێدەچێت؟
گوتیشی تێچووی وەرگرتنی ڤیزەی ئەمریکا، 700 بۆ 800 هەزار دیناری تێدەچێت.
21/05/2026