وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق هاوردەکردنی ئاژەڵی سووری قەدەغەکرد

وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بەهۆی مەترسییەکانی بڵاوبوونەوەی پەتای خوێنبەربوون، هاوردەکردن و ترانزێتی ئاژەڵی سووری بۆ عێراق و وڵاتانی کەنداوی عەرەبی لە ڕێگەی عێراقەوە قەدەغەکرد.

قەدەغەکردنەکە هەمیشەییە؟

وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، لە ڕاگەیێندراوێکدا دەڵێت، قەدەغەکردنی ترانزێتی ئاژەڵی زیندووی سووریی کاتییە و بۆ پاراستن و ڕێگرتنە لە بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوون، کە ساڵانە پێش جەژنی قوربان بڵاودەبێتەوە.

لە سووریا تاى خوێنبەربوون بڵاوبووەتەوە

وەزارەتی کشتوکاڵ دەشڵێت، ئەم بڕیارە بە پشتبەستن بە زانیاریی ورد و پشتڕاستکراوە دراوە، چونکە ئێستا لە چەند پارێزگایەکی سووریا تای خوێنبەربوون بڵاوبووەتەوە، کە سەرچاوەکەی لە ئاژەڵی زیندووەوەیە.

پاراستى سامانى ئاژەڵى ناوخۆ

وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق ئاماژەی بەوەشکردوە، "ئەم ڕێکاری خۆپارێزییە بۆ پاراستنی سامانی ئاژەڵی ناوخۆییە لە تووشبوون بەم جۆرە نەخۆشییە گوازراوانە، هەروەها بەردەوام چاودێریی وڵاتانی دراوسێ و جیهان دەکەن بۆ ڕێگری لە هاتنە ناوەوەی ئاژەڵی نەخۆش".