عێراق پلانێکى فریاگوزاریی بۆ دابینکردنى کارەبا لە هاویندا ئامادە دەکات

وەزارەتى کارەباى عێراق، پلانێکى فریاگوزاری بۆ دابینکردنى کارەبا لە وەرزى هاوین ئامادە دەکات و لەڕێگەى دابینکردنى کارەبا لە چەند سەرچاوەیەکەوە دەیەوێت ئەم هاوینە بەبێ ناڕەزایی و خۆپیشاندان بەڕێبکات.

لەگەڵ وەزارەتى کارەبا کۆبووەوە

عەلى زەیدى، سەرۆکوەزیرانى عێراق، لە سەردانێکدا بۆ وەزارەتى کارەبا سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکى کرد، بۆ بەدواداچوونى پرۆژەکانى کارەبا و ئاگاداربوون لە پلانى وەزارەتەکە بۆ گرەنتیی سەقامگیریی تۆڕى نیشتمانى و دابینکردنى کارەبا لە وەرزى هاویندا کە تیایدا خواست لەسەر کارەبا دەگاتە بەرزترین ئاست.

دۆسیەى کارەبا تەوەرى سەرەکییە

زەیدى دووپاتیکردەوە، دۆسیەى کارەبا، لە پێشینەى کارەکان و تەوەرێکى سەرەکییە لە چوارچێوەى کارنامەى حکومەتەکەى بۆ پەرەپێدانى ژێرخان، کە ببێتە مایەى باشکردنى ئاستى خزمەتگوزاریی پێشکەشکراو بە هاوڵاتییان.

پلان بۆ لوتکەى فشار لە هاویندا

هاوکات عەلى سەعدى وەهیب، وەزیرى کارەبا ئاماژەى بەوەکرد، بەهۆى دۆخى ناوچەکە و بەتایبەتیش کەمبوونەوەى دابینکردنى گازى سروشتى، کە کاریگەریی هەبووە لەسەر کەمبوونەوەى کاتژمێرەکانى دابینکردنى کارەبا، پلانێکى تایبەتى فریاگوزاریی دانراوە بۆ لوتکەى فشار لە هاویندا.

کەشتییەکى تورکیا لە ئومقەسرە

هەر لە بەردەوامیى هەوڵەکانیش بۆ دابینکردنى کارەبا، کەشتییەکى تورکى بەرهەمهێنەرى کارەبا گەیشتووەتە کەناراوەکانى بەندەرى ئومقەسر، دواى گەیشتنى بە بەندەرى خۆرزوبێر، لە چەند ڕۆژى داهاتوودا دەبەسترێتەوە بە تۆڕى کارەباى بەندەرەکە.

350 مێگاوات کارەبا

کەشتییە تورکییەکە تواناى دابینکردنى 350 مێگاوات کارەبای هەیە و ڕۆڵى دەبێت لە زیادکردنى تواناى بەرهەمى تۆڕەکانى کارەبا و سەقامگیریی دابینکردنى کارەبا لە وەرزى هاویندا.

بەستنەوەى عێراق بە کارەباى تورکیاوە

جگە لەوەش پڕۆژەى بەستنەوەى تۆڕى کارەباى عێراق بە تۆڕى کارەباى تورکیاوە، هەوڵێکى دیکەیە بۆ دابینکردنى ئەو وزەیە، ئەحمەد مووسا، گوتەبێژى وەزارەتى کارەباى عێراق ڕایگەیاندووە، بە بەستنەوەى تۆڕى کارەباى عێراق و تورکیا 600 مێگاوات کارەبا بۆ سیستمى کارەباى عێراق دابین دەبێت، جگە لەوەش بەتەواوبوونى چەند پرۆژەیەکى دیکەى بەستنەوەى کارەبا بە وڵاتانى دراوسێ، سیستمى کارەبا سەقامگیر دەکات.

قەیرانەکە لە عێراق بەردەوامە

دواى 24 ساڵ قەیرانە درێژخایەن و بێ چارەسەرەکەى عێراق بەردەوامە، بە هەموو حکومەتە یەکلەدوایەکانى عێراق گۆڕانکارییەکى ئەوتۆیان لە دۆخى کارەبادا دروستنەکردووە.

بەرهەمى ئێستاى کارەبا چەندە؟

بەگوێرەى زانیارییەکانى وەزارەتى کارەبا، ئێستا بەرهەمى کارەبا دەگاتە 29 هەزار مێگاوات، بەڵام پێداویستیی ڕاستەقینە دەگاتە 60 هەزار مێگاوات، واتە بۆ ئەم هاوینە عێراق لە بەرهەمهێنانى کارەبادا زیاتر لە 30 هەزار مێگاوات کورتهێنانى دەبێت.

پشتبەستن بە ئێران

هەرچەندە عێراق، خاوەنى 131 تریلیۆن پێ سێجا یەدەگى گازى سروشتییە، بەڵام بۆ 40%ـى پێداویستییەکانى لە گازى سروشتى و کارەبا، پشت بە ئێران دەبەستێت.

زیادکردنى سەرچاوەکانى کارەبا

عێراق بۆ فرەکردنى سەرچاوەکانى بەرهەمهێنانى کارەبا، دەستیکردووە بە جێبەجێکردنى 15 پرۆژەى بەرهەمهێنانى کارەبا لە وزەى خۆر، کە بڕیارە حەوت هەزار و 500 مێگاوات کارەبا بەرهەم بهێنن.

پشتبەستن بە سووتەمەنى بەردین

هەروەها عێراق بۆ بەرهەمهێنانى کارەبا بەرێژەى 98% پشت بە سووتەمەنیى بەردین دەبەستێت، بەگوێرەى داتای فەرمیی، ساڵانە خەرجییەکانى کارەبا نزیکەى 11 تریلیۆن دینارە، بەڵام داهاتەکەى نزیکەى تریلیۆنێک دینارە.