لە هەرێمى کوردستانەوە ئۆتۆمبێل دەبرێتە ئێران
لە هەرێمى کوردستانەوە ئۆتۆمبێل دەنێردرێتە کۆمارى ئیسلامیی ئێران، حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بڕە پارەیەک لە لە بەرامبەر هەناردەی ئەو ئۆتۆمبێلانە وەردەگرێت.
بڕێک پارە وەردەگیرێت
بەڕێوەبەرى گومرگى سلێمانى لەبارەی هەناردەی ئۆتۆمبێلەوە بۆ ئێران دەڵێت، بڕە پارەیەک بۆ ئەو بابەتە وەردەگیرێت، دەشڵێت، گومرگى ناردنە دەرەوەى ئۆتۆمبێل کەمترە لە هاوردەکردنى، چونکە ئەو ئۆتۆمبێلەى دەبرێتە دەرەوە، دووەمجارێتی گومرگ دەکرێت.
ژمارە کاتی دەبرێتە دەرەوە
قادر پیرۆت، بەڕێوەبەرى گومرگى سلێمانى بە کەناڵ8ـى ڕاگەیاند، ئێستا ئۆتۆمبێل لە هەرێمى کوردستانەوە دەبرێتە ئێران، ئۆتۆمبێلى تۆمارکراو، ژمارە کاتیش دەبرێتەدەرەوە، بەڵام ڕێکارەکانیان جیاوازن و ئۆتۆمبێلى تۆمارکراو مامەڵەیەکى زیاترى پێویستە بۆ بردنەدەرەوە.
گوتیشى، ئۆتۆمبێلى ژمارە کاتى لەسەر داواکاریى کۆمپانیا هەناردەى کۆمارى ئیسلامیى ئێران دەکرێت، ئەگەر ئۆتۆمبێلەکە بە سووتەمەنى کاربکات، تەنیا گومرگێکى ڕەمزى لێوەردەگیرێت کە لە 2% نرخى ئۆتۆمبێلەکەیە، بەڵام ئەگەر ئۆتۆمبێلەکە کارەبایی بێت، لەبەرئەوەى لەکاتى داخڵکردنى گومرگى لێ وەرنەگیراوە، گومرگى هاوردە و ناردنى لێوەردەگیرێت کە گومرگى هاوردەکردنى لە 15% یە و گومرگى ناردنى لە 2%.
پێویستە کەسى هەناردەکار چى بکات؟
بەڕێوەبەرى گومرگى سلێمانى دەڵێت، بۆ هەناردەکردنى ئۆتۆمبێلى تۆمارکراو پێویستە کەسى هەناردەکار بچێتە بەڕێوەبەرایەتیى هاتوچۆى سنوورەکەى پاش پێشکەشکردنى داواکاری، تابلۆى ئۆتۆمبێلەکەى لێ وەردەگیرێتەوە و دواتر دەستدەکات بە ڕێکارەکانى بردنەدەرەوەى ئۆتۆمبێلەکەی.
لەدواى جەنگى ئێران و ئەمریکا
بەڕێوەبەرى گومرگى سلێمانى دەڵێت، هەناردەى ئۆتۆمبێل بۆ ئێران لە پاش هێرشى ئەمریکا و ئیسرائیل دەستیپێکردووە و ژمارەى ئۆتۆمبێلەکان کە دەبرێنە ئەو وڵاتە، تاوەکو ئێستا زۆر نیین.
هاوردەکارانى ئۆتۆمبیل
هەرێمى کوردستان و عێراق هاوردەکارى ئۆتۆمبێلن، بەڵام بەهۆى گرفتى گواستنەوەى ئۆتۆمبێل و زۆریى ژمارەى ئۆتۆمبێلى هاوردەکراو، ئێستا ئۆتۆمبێل هەناردەش دەکرێت.
22/05/2026