ئەمڕۆ ڕۆژی ماڵئاوایی ڕاهێنەران بوو
دووان لە ڕاهێنەرە دیارەکانی ئەم وەرزە، ئەمڕۆ هەینی ماڵئاوایییان لە یانەکانیان کرد و دانیان بەوەدا نا کە وەرزی داهاتوو لە ئەرکەکانیان بەردەوام نابن، ئەو ڕاهێنەرانەش پێپ گواردیۆلای ڕاهێنەری مانچێستەر سیتی و ئەلڤارۆ ئاربێلوای ڕاهێنەری ڕیاڵ مەدرید بوون.
سەرەتا ئاربێلوا لە کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانیی بەر لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەتلێتیک بلباو گووتی، " هیوادارم ئەمە دوایین ماڵئاوایی نەبێت، من هەمیشە ڕیاڵ مەدریدم بە ماڵی خۆم زانیوە، 20 ساڵم لەگەڵ ڕیاڵ مەدرید بەسەربردووە و ئێرە ماڵی منە، ئەمە دوایین یاریی منە لەم وەرزەدا، نازانم ئایا دەبێتە دوایین یاریی کاروانی وەرزشیم وەک ڕاهێنەری ڕیاڵ مەدرید، یاخود نا، چونکە هیچ شتێک مسۆگەر نییە، سبەی هەوڵ دەدەم چێژ لە یارییەکە وەربگرم و تەواوی سەرنجم لەسەر بردنەوە بێت."
لێدوانەکەی ئاربێلوا بە ڕوونی دەری دەخات، وەرزی داهاتوو لە ئەرکی ڕاهێنانی ڕیاڵ مەدرید بەردەوام نابێت، هاوکات ناشیەوێت لە یانەکە بڕوات و ڕەنگە بگەڕێتەوە بۆ ڕاهێنەرایەتی کردنی تیپی کاستیا.
لە لایەکی دیکەوە، یانەی مانچێستەر سیتی بەفەرمی ئاشکرای کرد، پێپ گواردیۆلای ڕاهێنەری ئیسپانی وەرزی داهاتوو لە ئەرکەکەی بەردەوام نابێت و ڕاهێنەرەکە ویستی لەسەر ڕۆیشتن و کۆتاییهێنان بووە بە گرێبەستەکەی.
گواردیۆلا لە 2016وە ئەرکی ڕاهێنانی مانچێستەر سیتی وەرگرتووە، لە ماوەی 10 ساڵی کارکردنیدا توانیویەتی 20 نازناوی جیاواز بۆ یانەکەی بچنێتەوە، بە یەکێک لە سەرکەوتووترین ڕاهێنەرەکان لە مێژووی سیتی و پرێمەرلیگ هەژمار دەکرێت.
22/05/2026