کاریک بۆ دوو وەرز گرێبەستی لەگەڵ مانچێستەر یونایتد نوێ کردەوە

مایکڵ کاریک، ڕاهێنەری کاتیی یانەی مانچێستەر یونایتد، دوای گەیشتنی بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئیدارەی شەیتانە سوورەکان، گرێبەستەکەی کرایە هەمیشەیی و بۆ ماوەی دوو وەرزی دیکە نوێ کرایەوە.

یانەی مانچێستەر یونایتد دواجار بە فەرمی بەردەوامبوونی مایکڵ کاریکی لە پۆستەکەیدا وەک ڕاهێنەری یانە پشتڕاست کردەوە، ئەمەش دوای گەیشتن بە ڕێککەوتنێک کە تاوەکو ساڵی 2028 بەردەوامی دەبێت.

یاریزانی هێڵی ناوەند و کاپتن و یاریدەدەری پێشووی 'شەیتانە سوورەکان'، سەرکەوتوو بوو لە باشترکردنی ئەنجامەکان، بەرپرسیارێتیی ڕاهێنانی یونایتدی بۆ ماوەیەکی کاتی لە جێگەی ڕوبن ئامۆریم گرتە ئەستۆ، بەڵام ئەرکەکەی زۆر بەباشی جێبەجێ کرد و ئەوەش بووە جێی سەرنجی هاندەر و بەرپرسانی یانەکە.

کاریک دەڵێت، "20 ساڵ پێش ئێستا گەیشتمە ئێرە، هەستم بە جادووی مانچێستەر یونایتد کرد، گرتنە ئەستۆی بەرپرسیارێتی سەرکردایەتیکردنی ئەم یانە تایبەتە، شانازییەکی گەورەم پێ دەبەخشێت."

کاریک بەهۆی سەرکەوتنی بە ئەنجامی (3-2) بەرامبەر نۆتینگهام فۆرست، کە یازدەیەمین سەرکەوتنی بوو لە کۆی 16 یاری، توانی لە سێ گەڕی کۆتایی پرێمەرلیگ سەرکەوتن بۆ چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوو یەکلایی بکاتەوە.

ئەم ڕاهێنەرە تەمەن 44 ساڵە هاوکات لەگەڵ سەرکەوتنەکانیدا پاڵپشتیی یاریزانانیشی بەدەست هێنا، وەک پاداشتێکیش بۆ ئەو سەرکەوتنە گرێبەستەکەی بۆ ماوەی دوو ساڵ درێژ کرایەوە.