94 سانتیمەتر ماوە بەنداوى دووکان سەرڕێژبێت

بێڵماوس لە دەریاچەى دووکان
بێڵماوس لە دەریاچەى دووکان

بەڕێوەبەرى بەنداوى دووکان ڕایگەیاند، 94 سانتیمەتر ماوە بۆئەوەى بەنداوەکە سەر ڕێژبێت و ئاو بگاتە دەرچەى بێڵماوسەکە.

ڕۆژانە بڕێکى باش ئاو دێتە ناو بەنداوەکە

ئەندازیار کۆچەر جەماڵ بەڕێوەبەرى بەنداوى دووکان بە کەناڵ8ـى ڕاگەیاند، تاوەکو نیوەڕۆى ئەمڕۆ 22ـى ئایارى 2026 بەنداوى دووکان 94 سانتیمەترى ماوە بۆئەوەى بەتەواوى پڕببێت، بە پڕبونیشى ئاو دەگاتە دەرچەى بێڵماوسەکە، دەشڵێت" ئێستا ڕۆژانە بڕێکى باش ئاو دێتە ناو بەنداوەکە ئەگەر لەماوەى دوو هەفتەى داهاتوو بەهەمان ئەندازە ئاو بێتە بەنداوەکە ئەوا ڕەنگە سەر ڕێژببێت.

8 تاوەکو 10 سانتیمەتر ئاستى ئاو زیاد دەکات

بەڕێوەبەرى بەنداوى دووکان ئاماژەى بۆ ئەوەشکرد، ڕۆژانە هەشت تاوەکو 10 سانتیمەتر ئاستى ئاوى بەنداوەکە بەرزدەبێتەوە، ئەگەر بەنداوەکەش سەر ڕێژنەبێت ئەوا دەتوانین بڵێن ئەمساڵ یەکێک بووە لەو ساڵانەى کە زۆرترین ئاو لە بەنداوى دووکان کۆکراوەتەوە.

بەنداوەکە تواناى 7 ملیار مەتر سێجا گلدانەوەى ئاوى هەیە

بەنداوى دووکان گەورەترین بەنداوە لە هەرێمى کوردستان تواناى گلدانەوەى حەوت ملیار مەتر سێجا ئاوى هەیە و لەماوەى سى ساڵى ڕابردوو تەنیا لە ساڵى 2019 سەر ڕێژبووە.