20 ساڵە یاساى نەوت و گاز لە عێراق پەسەندنەکراوە
یاسای نەوت و گاز، بە کلیلی چارەسەرکردنی کێشەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق دادەنرێت لە پرسی وزەدا.. دەرکردنی ئەو یاسایە بە کۆتایی ئەو کێشمەکێش و ململانێیانە دادەنرێت کە دواى ساڵى 2003 لەسەر بەڕێوەبردنى سامانى نەوت و وزە لە نێوان هەردوولادا سەریهەڵداوە. ئێستا دواى 20 ساڵ جارێکى دیکە هیوایەک هەیە ئەم پرسە بگاتە دوا مەنزڵ.
چوار جار ڕەشنووسى یاساکە ئامادەکراوە
مێژووى ناکۆکییەکانى هەرێمى کوردستان و عێراق لەسەر نەوت و گاز دەگەڕێتەوە بۆ ساڵى 2006 لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا چوارجار ڕەشنووسی یاسای نەوت و گاز ئامادە کراوە، بەڵام بەهۆی ڕێکنەکەوتنی لایەنە سیاسییەکانەوە، ڕێکارە پەرلەمانییەکانى تێنەپەڕاندووە و دەنگى لەسەر نەدراوە.
ناکۆکییەکان لەسەر دەسەڵاتى بەرهەمهێنان
ناکۆکی سەرەکی لەسەر یاسای نەوت و گاز لە نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق دا لەسەر دەسەڵاتی بەرهەمهێنانی نەوت و گاز و چۆنیەتی بەڕێوەبردنی کێڵگە هاوبەشەکانە.
لە شوباتی 2022 ناکۆکییەکانی هەولێر و بەغداد گەیشتنە ترۆپک، ئەوەش دوای ئەوەی دادگای باڵای فیدراڵی یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستانی بە "نادەستووری" ناساند، جگە لەوەش لە مانگی ئازاری 2023دا بڕیارێکی دادگای ناوبژیوانیی پاریس، بووە هۆی ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، ئەوەش زیانێکی زۆری دارایی بە حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق گەیاند کە بەزیاتر لە 20 ملیار دۆلار مەزەندە دەکرا..
بڕیارى ڕاگرتن و هەناردەکردنەوە
دواى زیاتر لە دوو ساڵ لە ڕاگرتنى هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان، ڕۆژى 17ـى تەمموز دواى دانوستان و گفتوگۆیەکى دوور و درێژ لەگەڵ حکومەتى هەرێمى کوردستان و کۆمەڵەى پیشەسازیی نەوتى هەرێمى کوردستان ناسراو بە ئەپیکور ڕێککەوتن کرا بۆ هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێمى کوردستان. بەگوێرەى ڕێککەوتنەکە هەرێمى کوردستان جگەلە 50 هەزار بەرمیل نەوت بۆ پێداویستى ناوخۆ تەواوى نەوتەکەى ڕادەستى سۆمۆ بکات، لەبەرامبەریشدا بەغداد مووچەى هەرێمى کوردستان ڕەوانە بکات.
هێرشەکان بۆسەر کێڵگە نەوتییەکان
بەڵام لە کاردنەوەى ڕێککەوتنەکەدا، لە نێوان 15ـى حوزەیران و 25ـى تەمموزى 2025 کێڵگە نەوتییەکانى هەرێمى کوردستان ڕووبەڕووى دەیان هێرشى مووشەکى و درۆنى بوونەوە و بەهۆیەوە بەرهەمى نەوتى هەرێمى کوردستان لە نزیکەى 300 هەزار بەرمیلەوە دابەزى بۆ 80 هەزار بەرمیل.
هەروەها لە 26ـى تشرینى دووەمى 2025 هێرشى درۆنى کرایە سەر کێڵگەى کۆرمۆر و زیانى بە کۆگاکانى گاز گەیاند، ئەوەش بەرهەمهێنانى کارەباى بەشێوەیەکى بەرچاو کەمکردەوە.
دووبارە هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێم
دواجار هەرێمى کوردستان لەسەر بنەماى ڕێککەوتنەکەى 17ـى تەمموزى 2025 لە 27ـى ئەیلولى 2025 هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێمى کوردستان لە ڕێگەى بۆرییەوە بۆ بەندەرى جەیهان دەستیپێکردەوە.
کێشەکانى بەردەم هەناردەکردنەوە
هەنادەکردنى نەوتى هەرێمى کوردستان بێ کێشە و ئاڵنگارى نەبووە، لە دواى سەرهەڵدانى جەنگى ئەمریکا و ئێران لە 28ـى شوباتى 2026، کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکانى نەوت لە هەرێمى کوردستان بەهۆى نائارامییەکانەوە کارمەندەکانیان لە عێراق و هەرێمى کوردستان کشاندەوە و بەرهەمى نەوتى هەرێمى کوردستان بەشێوەیەکى بەرچاو دابەزى.
هەروەها بەهۆى داخستنى گەرووى هوورمز و ڕاوەستانى هەناردەى نەوتى عێراق لە ڕێگاى دەریاوە، هەرێمى کوردستان و عێراق لە 15ـى ئازارى 2026 ڕێککەوتن ڕۆژانە 200 هەزار بەرمیل نەوتى کەرکووک لە ڕێگەى بۆریى هەرێمى کوردستانەوە بۆ بەندەرى جەیهانى تورکیا دەستیپێکرد.
بەرهەمى نەوتى هەرێم پێش جەنگى ئێران
کەمال محەممەد، وەزیرى سامانە سروشتییەکان بەوەکالەت لە مانگى نیسانى ڕابردوودا، ڕایگەیاند بەر لە دەستپێکردنى جەنگى ئەمریکا و ئێران، بەرهەمى نەوتى هەرێمى کوردستان گەیشتبووە 260 بۆ 270 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا. لەو بڕە 50 هەزار بەرمیلى بۆ بەکارهێنانى ناوخۆ و 210 بۆ 215 هەزارى بۆ هەناردەکردن بوو.
بەرهەمى نەوت دواى ئاگربەستى ئەمریکا و ئێران
ئێستا بەرهەمهێنانى نەوت لە هەرێمى کوردستان بۆ 60 تاوەکو 65 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا" دابەزیوە، لەو بڕەش 50 هەزار بەرمیلى بۆ پێداویستیى ناوخۆیە و 10 بۆ 15 هەزار بەرمیلـى بۆ هەناردەکردنە.
دابەزینى بەرهەمهێنان
بە دابەزینى بەرهەمهێنان 270 هەزار بەرمیلەوە بۆ 65 هەزار بەرمیل، بڕى بەرهەمى نەوت بە ڕێژەى 76% کەمى کردووە، هەروەها بە کەمبوونەوەى هەناردە لە 215 هەزار بەرمیلەوە بۆ تەنیا 15 هەزار، هەناردەکردنیش بە ڕێژەى 93% کەمى کردووە.
یاساى نەوت و گاز لە کارنامەى کابینەکەى زەیدى
عەلى زەیدى سەرۆکوەزیرانى عێراق، دەرکردنى یاساى نەوت و گازى کردووەتە یەکێک لە خاڵەکانى کارنامەکەى. هاوکات هێزە سیاسییەکانیش کۆکن لەسەر ئەوەى دەبێت لەم خولەدا پڕۆژەیاساکە لە ئەنجوومەنى نوێنەران تێپەڕێنرێت.
هەروەها عەلى زەیدى لە 20ـى ئایارى 2026 سەردانى وەزارەتى نەوتى کرد و لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ستافى وەزارەت کە فوئاد حسێن وەزیرى دەرەوە ئامادەى بوو، تاوتوێى ئاستەنگییەکانى بەردەم هەناردەى نەوت لە ڕێگەى گەرووى هوورمز و زیادکردنى سەرچاوەکانى هەناردەکردن کرا.
بۆ جێبەجێکردنى ئەو بڕگەیەى کارنامەکەى عەلى زەیدى و سەرلەنوێ داڕشتنەوەى پڕۆژە یاساى نەوت و گاز دەبێت حکومەتى هەرێمى کوردستان و عێراق جارێکى دیکە دانوستانەکانیان دەستپێبکەنەوە، تاوەکو بگەنە داڕشتنێک مافى هەردوولا لە بەڕێوەبردنى کێڵگەنەوتییەکان و دابەشکردنى داهاتەکەى ڕازى بن، بە پێچەوانە جارێکى دیکە چارەنووسى پڕۆژەیاساى نەوت و گاز بە نادیار دەستپێردرێت.
22/05/2026