سەباح نوعمان: لێکۆڵینەوە لە هێرشەکانى سەر سعودیە و ئیمارات دەستیپێکردووە
عێراق لیژنەیەکی باڵای هەواڵگری بۆ لێکۆڵینەوە لە هێرشە درۆنییەکان بۆ سەر سعودیە و ئیمارات پێکهێناوە و هۆشداری دەدات کە هەر تێوەگلانێک وەک هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.
پێکهێنانی لیژنەی باڵای لێکۆڵینەوە
سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانى عێراق ڕایگەیاند، لیژنەیەکی باڵای هەواڵگری و تەکنیکی پسپۆڕ بە فەرمانی فەرماندەی گشتی پێکهێنراوە. ئەرکی ئەم لیژنەیە بریتییە لە شیکردنەوە و بەراوردکردنی داتا و بەڵگەکانى تاوان بە هەماهەنگى ڕاستەوخۆ لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە ڕیاز و ئەبوزەبی. ئاماژەی بەوەش کرد کە هیچ کاتێکی دیاریکراو بۆ ڕاگەیاندنی ئەنجامەکان دانەنراوە، چونکە کارەکە پێویستی بە وردکاریی زۆر هەیە.
هەڵوێستی عێراق بەرامبەر وڵاتانی دراوسێ
گوتەبێژی فەرماندەی گشتی جەختی کردەوە کە ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ هێڵی سوورە و هەڵوێستى فەرمیی عێراق لەمبارەیەوە ڕوونە. ڕایگەیاند، ئەگەر تێوەگلانی هەر لایەنێک یان کەسێک لەو هێرشانەدا بسەلمێنرێت، ڕێکارەکان تەنیا ڕاوەدوونانی دادوەری نابێت، بەڵکو وەک هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی عێراق مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت و دەسەڵاتی یاسا هیچ جیاکارییەکی تێدا ناکرێت.
کاردانەوەکان بەرامبەر هێرشە درۆنییەکان
سەرەتای ئەم هەفتەیە، سعودیە و ئیمارات ڕایانگەیاند کە لە ناو خاکی عێراقەوە بە درۆن هێرشکراوەتە سەر وڵاتەکانیان و داوایان لە بەغداد کرد ڕێکاری بەپەلە بگرێتەبەر. لەو چوارچێوەیەدا، ڕۆژى 21ـى مان، ئەنجوومەنی وزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بە سەرپەرشتی عەلى زەیدی کۆبووەوە، وێڕای سەرکۆنەکردنی هێرشەکان، بڕیارى پێکهێنانى لیژنەى لێکۆڵینەوەی دا.
ستراتیژی کۆکردنەوەی چەک لەدەستی دەوڵەت
سەباح نوعمان ئاشکرای کرد کە کۆکردنەوەی چەک لەدەستی دەوڵەتدا تەنیا دروشمێکی سیاسی نییە، بەڵکو ستراتیژێکی ئەمنییە و دەبێت جێبەجێ بکرێت. بۆ ئەم مەبەستەش پلانێکی مەیدانی دەستی پێکردووە کە چالاککردنی هەوڵە هەواڵگرییە پێشوەختەکان، دووبارە دابەشکردنەوەی هێزە ئەمنییەکان و نوێکردنەوەی بنکەی زانیارییەکانی تایبەت بە چەک لەخۆدەگرێت.
پاراستنی سنوورەکان و سەروەریی دەوڵەت
ڕێکارە مەیدانییەکان لە ئێستادا بە دوو ئاڕاستەی تەریبدا کار دەکەن، کە ئەوانیش سەپاندنی دەسەڵاتی یاسا لە ناوخۆ و پاراستنی سنوورەکان و ئاسمانە بۆ ڕێگریکردن لە هەر بەکارهێنانێکی نایاسایی. گوتەبێژی فەرماندەی گشتی ئاماژەی بەوە کرد کە پێوەری سەرەکی سەرکەوتنی حکومەتەکەی عەلی زەیدی ئەوەیە کە دەوڵەت ببێتە تاقە لایەن کە خاوەنی هێز و بڕیار بێت.
23/05/2026