ئەگەر ڕاستەوخۆ دوای نەشتەرگەریی لابردنی زراو چەوری بخۆیت چی ڕوودەدات؟

وێنەی ئەندامی زراو
وێنەی ئەندامی زراو

زراو ئەندامی سەرەکیی جەستەیە بۆ ڕێکخستنی پرۆسەی هەرسکردنی چەورییەکان، کاتێک نەشتەرگەریی لابردنی زراو ئەنجام دەدرێت، گۆڕانکارییەکی گەورە لە میکانیزمی پڕۆسەی هەرسکردندا ڕوودەدات کە پێویستی بە کاتە بۆ خۆگونجاندن، د.دالیا تاریق، پزیشکی پسپۆڕی نەشتەرگەری، زانیاری زیاتر لەسەر ئەم بابەتە بۆ هاونیشتمانییان دەخاتەڕوو.

ڕاستییە پزیشکییەکان سەبارەت بە نەشتەرگەریی لابردنی زراو چین؟

  1. پێش نەشتەرگەریی لابردنی زراو، لەکاتی ئاساییدا جگەر دەردراوێک دروست دەکات و لە ناو زراودا کۆدەبێتەوە، کاتێک کەسەکە خواردنێکی چەور دەخوات، زراو بە یەکجار بڕێکی  گونجاو لەو دەردراوە دەردەدات بۆ پڕۆسەی هەرسکردنی چەورییەکە
  2. دوای نەشتەرگەریی لابردنی زراو، دەردراوی جگەر بۆ هەرسکردنی چەوری ڕاستەوخۆ لە جگەرەوە بە شێوەیەکی بەردەوام دەڕژێتە ناو ڕیخۆڵە، بەم شێوازە جەستە توانای نییە بە یەکجار ڕێژەیەکی زۆر لە چەوری هەرس بکات

ئەگەر ڕاستەوخۆ دوای نەشتەرگەریی لابردنی زراو چەوری بخۆیت چی ڕوودەدات؟

ئەگەر کەسێک ڕاستەوخۆ دوای نەشتەرگەریی لابردنی زراو چەوری بخوات، چەورییە هەرسنەکراوەکە ڕاستەوخۆ دەچێتە ناو کۆڵۆن و دەبێتەهۆی دروستبوونی نیشانە بێزارکەرەکانی وەک:

  1. سکچوونی توند و بەردەوام
  2. باکردن و ئاوسانی توندی سک
  3. ئازار و گرژبوونی گەدە

جەستەی مرۆڤ پێویستی بە چوار تاوەکو شەش هەفتە هەیە بۆ ئەوەی ڕیخۆڵەکان و جگەر خۆیان لەگەڵ لێشاوی نوێی دەردراوی هەرسکردنی چەوری بگونجێنن. دوای ئەم ماوەیە، چارەخواز دەتوانێت هێواش هێواش و بە بڕی کەم چەورییە تەندروستەکان لە سیستەمی خۆراکییەکەیدا زیاد بکات.