بە بڕیاری دادگا؛ کۆنگرەی 38ی جەهەپە هەڵوەشایەوە و کڵچدارئۆغڵو بووەوە بە سەرۆک

کەمال کڵچدارئۆغلو و ئۆزگور ئۆزەل
کەمال کڵچدارئۆغلو و ئۆزگور ئۆزەل

پاش بڕیارە کتوپڕەکەی دادگا بۆ هەڵوەشاندنەوەی کۆنگرەی 38ـی جەهەپە، کەمال کڵچدارئۆغڵو بە فەرمی وەک سەرۆکی پارتەکە دەستبەکاربووەوە و لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی تورکیاش هۆشداری لە تێکچوونی سیستمی دیموکراسی دەدەن.

گەیاندنی بڕیاری دادگا بە کڵچدارئۆغڵو

ئەمڕۆ فەرمانبەرانی فەرمانگەی جێبەجێکردن بە فەرمی چوونە نووسینگەی کەمال کڵچدارئۆغڵو و بڕیاری دادگایان ڕادەست کرد، کە تێیدا وەک سەرۆکی پارتی کۆماریی گەل (جەهەپە) ناسێنراوەتەوە. ئاتاکان سۆنمەز، ڕاوێژکاری نوێی ڕاگەیاندنی کڵچدارئۆغڵو ئاماژەی بەوە کرد، گەڕانەوەی ناوبراو بۆ پۆستەکەی هەر لە ساتی دەرچوونی بڕیارەکەی دوێنێوە بووە و ڕادەستکردنی نووسراوەکەی ئەمڕۆ تەنیا بۆ تەواوکردنی ڕێکارە فەرمییەکانە.

دەستبەکاربوونی ئۆرگانەکانی کۆنگرەی 37ـەمین

بەگوێرەی بڕیارە نوێیەکە، سەرجەم ئەو ئۆرگان و ئەنجوومەنانەی پارتەکە کە لە کۆنگرەی 37ـەمیندا هەڵبژێردرابوون، دەستیان بە کارەکانیان کردووەتەوە. ئاتاکان سۆنمەز ڕایگەیاند، کڵچدارئۆغڵو لە ئێستادا بە چڕی خەریکی گفتوگۆیە لەگەڵ پەرلەمانتاران، ئەندامانی ئەنجوومەنی پارتەکە و سەرۆک شارەوانییەکان. سەبارەت بە گەڕانەوە بۆ بارەگای سەرەکیش، جەختی کردەوە کە "کڵچدارئۆغڵو لە هەرکوێ بێت بارەگای سەرەکی لەوێیە"، بەڵام لە داهاتوویەکی نزیکدا دەچێتە ناو بارەگای ناوەندیی جەهەپە.

هەڵوێستی جەهەپە بەرامبەر بڕیارەکە

بورهانەدین بوڵوت، یاریدەدەری سەرۆکی جەهەپە بۆ کاروباری میدیا ڕایگەیاند، ئەم بڕیارە تەنیا پەیوەست نییە بە پارتەکەی ئەوان، بەڵکو نیشانەی ئەوەیە هیچ کەسێکی هەڵبژێردراو لە تورکیا چیتر پارێزراو نییە. ئاماژەی بەوەش کرد کە دەسەڵات کەشی ڕکابەریی سیاسی لەناوبردووە و لەمەودوا سیاسەتمەداران ناچارن لەجیاتی ڕکابەریی یەکتری، ڕکابەریی لەگەڵ یاسا و دامەزراوەکانی دەوڵەت بکەن.

کۆبوونەوەی نائاسایی ئیی پارتی

موساڤات دەرڤیشئۆغڵو، سەرۆکی گشتیی ئیی پارتی، دوای کۆبوونەوەیەکی نائاسایی 5 کاتژمێری ڕایگەیاند، پووچەڵکردنەوەی کۆنگرەی جەهەپە لەلایەن دادگاوە هەڕەشەیە بۆ سەرجەم پارتە سیاسییەکان و پێشێلکردنی دەستوورە. دەرڤیشئۆغڵو جەختی کردەوە کە بەگوێرەی یاسا، تەنیا دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردن (YSK) مافی بڕیاردانی لەو بابەتانەدا هەیە و ئەم هەنگاوەی دادگا مەترسی بۆ سەر پاشەڕۆژی وڵات دروست دەکات.