فڕۆکەیەک و 15 هەزار مۆبایل؛ مەترسیدارترین هەوڵی قاچاخچیێتی لە بەندەری ئوم قەسر پووچەڵکرایەوە

دیمەنی فڕۆکە بێسەرەتاکە و ئەو کەلوپەلانەی دیکە، کە لە بەندەری ئوم قەسر دەستیان بەسەردا گیراوە
دیمەنی فڕۆکە بێسەرەتاکە و ئەو کەلوپەلانەی دیکە، کە لە بەندەری ئوم قەسر دەستیان بەسەردا گیراوە

دەستەی دەروازە سنوورییەکان یەکێک لە مەترسیدارترین هەوڵەکانی قاچاخچێتی لە بەندەری ئوم قەسر پووچەڵ دەکاتەوە و دەست بەسەر فڕۆکەیەک و هەزاران ئامێری ئەلیکترۆنیی بێ باجدا دەگرێت.

سەردانێکی لەناکاو و پووچەڵکردنەوەی قاچاخچێتی

عومەر عەدنان وائیلی، سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق، بە سەردانێکی لەناکاو بۆ بەندەری ئوم قەسر، توانییان دەست بەسەر بڕێکی زۆر کاڵای نایاساییدا بگرن. دەستەکە ڕایگەیاندووە کە ئەم هەوڵە یەکێک بووە لە گەورەترین و مەترسیدارترین هەوڵەکانی قاچاخچێتی کە تاوەکو ئێستا دەستەکەیان توانیبێتی پووچەڵی بکاتەوە.

شاردنەوەی دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکان

لەو هەڵمەتەدا دەست بەسەر بڕێکی زۆر دەرمانی نایاساییدا گیراوە، لەوانە پاراسیتامۆڵ، ڤیتامینات و پێداویستییە پزیشکییە جیاوازەکان. قاچاخچییەکان هەوڵیان دابوو بە کاڵای هەرزان ئەم دەرمانانە ڕووپۆش بکەن تاوەکو لە باجی گومرگی و پشکنینەکانی وەزارەتی تەندروستی خۆیان بدزێتەوە.

هەزاران ئامێری ئەلیکترۆنیی بێ گومرگ

بەشێکی دیکەی کاڵا دەستبەسەرداگیراوەکان ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان بوون. بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، دەست بەسەر 15,000 مۆبایل و ئایپاد، لەگەڵ 2,000 پیستۆکی جۆری ئاپڵدا گیراوە. ئەم کاڵایانە هەوڵدراوە بە شێوەی نایاسایی داخڵ بکرێن تاوەکو هیچ بڕە پارەیەک وەک باجی گومرگی نەدەنە دەوڵەت.

دۆزینەوەی فڕۆکەیەکی ڕاهێنان لە بەندەرەکەدا

لە ناو کۆنتێنەرێکدا، دەست بەسەر فڕۆکەیەکی ڕاهێناندا گیراوە کە ماوەی 5 مانگ بووە گەیشتبووە بەندەرەکە. بەهۆی ئەوەی لەو ماوەیەدا کەس بەدوایدا نەچووە و ماوە یاساییەکەی تێپەڕاندبوو، لە لایەن دەستەکەوە دەستی بەسەردا گیرا. جگە لەوەش، ژمارەیەک تایە و پارچەی یەدەگی ماتۆڕسکیل لە نێو ئەو کاڵایانەدا بوون کە دەستیان بەسەردا گیراوە.

بەردەوامیی هەڵمەتەکان و سزای سەرپێچیکاران

دەستەی دەروازە سنوورییەکان جەختی لەوە کردووەتەوە کە هەڵمەتەکانیان بۆ ڕێگریکردن لە قاچاخچێتی بەردەوام دەبێت. ئاماژە بەوەش کراوە کە سەرجەم سەرپێچیکاران ڕووبەڕووی سزای یاسایی دەکرێنەوە و دەستەکە دڵنیایی دەدات کە ڕێگە بە هیچ هەوڵێکی نایاسایی نادات کە زیان بە ئابووریی وڵات بگەیەنێت.