کافتریایەک لە هەولێر ڕیگرى دەکات هاونیشتمانییان بە جلى کوردییەوە بچنە ژوورەوە

دیمەنێک لە شاری هەولێر
دیمەنێک لە شاری هەولێر

کافتریایەک لە هەولێر کە ناوەکەى بە زمانى ئینگلیزییە، لە شەقامێکدایە ناوى شەقامەکە عەرەبییە و سەرجەم کارمەندەکانى بە ڕەچەڵەک عەرەبن، ڕێگرى دەکات هاونیشتمانییان بە جلى کوردییەوە بچنە ژوورەوە.

هەموو کارمەندەکانی بە ڕەچەڵەک عەرەب بوون

هاونیشتمانییەک بەناوى هەرێم شێرە دەڵێت، شەوى ڕابردوو کاتێک بە جلى کوردییەوە چووەتە کافتریاى مۆنتانا لە شەقامى مەجدەل لە هەولێر، هەستی بە نامۆیی هەڵسوکەوتى خزمەتگوزارەکان کردووە، کە هەموویان بە ڕەچەڵەک عەرەب بوون و بەبیانووى نەبوونى جێگە ئەویان کردووەتە دەرەوە.

تەنها کاردانەوەیان بە جلی کوردی هەبووە

ئەو هاونیشتمانییە دەشڵێت، کاتێک دوو هاوڕێى پاش ئەو چوونەتە قاوەخانەکە و جلى کوردییان لەبەر نەبووە، هیچ کاردانەوەیەکیان نەبووە، هەرێم شیرە دەڵیت، چووەتە ژوورەوە و پێیگوتوون بۆ ئەو کارەیان کردووە، وەڵامیان نەداوەتەوە.

پێشێلکردنی ڕاسپاردەیەکی پێشتری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان

قەدەغەکردنى چوونەژوورەوەى هاونیشتمانییەک بە جلى کوردییەوە، پاش بڕیارێک دێت کە سێ ساڵ لەمەوبەر، میدیاکانى پارتى دیموکراتى کوردستان بڵاویانکردەوە، لەسەر ڕاسپاردەى سەرۆکوەزیران لەمەودوا پێویستە لە سەرجەم کافتریا و شوێنە گەشتیارییەکان زمانى کوردى زمانى سەرەکى بێت، کارمەندى شوێنە گەشتیارییەکانیش 75% یان هاونیشتمانى هەرێمى کوردستان بن.

کافتریاکە چەند سەد مەترێک لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە دوورە

ئەو کافتریایەى هەولێر کە چەند سەد مەترێک لە باڵەخانەى ئەنجوومەنى وەزیرانەوە دوورە، ڕاسپاردەکانى حکومەتى جێبەجێ نەکردووە، بۆیە پارێزگارى هەولێر بڕیاریداوە کافتریاکە دابخات و لیژنەى لێکۆڵینەوەش لە ڕووداوەکە دروستبکات.