ئەمریکا میکانیزمەکانی وەرگرتنی "گرین کارد" دەگۆڕێت

ئیدارەی ئەمریکا گۆڕانکاری نوێ لەسەر میکانیزمی بەدەستهێنانی گرین کارد یاخود مافی مانەوەی یاسایی لە وڵاتەکەی دەکات، بەگوێرەی بڕیارە نوێیەکە ئەو بیانییانەی دەیانەوێت ئەو مافە بەدەستبهێنن دەبێتە بگەڕێنەوە وڵاتەکانییان و لەوێوە داواکاری پێشکەشبکەن.

دەبێت سەرەتا بگەڕێنەوە وڵاتانی خۆیان

زاک کالەر، گوتەبێژی بەڕێوبەرایەتی خزمەتگوزاری هاوڵاتیان و پەنابەرانی ئەمریکی لە ڕاگەیێنراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، لە ئێستاوە ئەو بیانییانەی بەشێوەیەکی کاتی لە ئەمریکان و دەیانەوێت ببنە خاوەنی گرین کارد دەبێت بڕۆنەوە وڵاتی خۆیان و لەوێوە مامەڵەکانییان دەستپێبکەن، تەنیا لە چەند باروودۆخێکی زۆر کەم مەرجدار پرۆسەکە وەک پێشتر جێبەجێ دەکرێت.

کێن ئەوانەی نابێت داوای گرین کارت بکەن

بەگوێرەی کالەر، ئەو کەسانەی کە کۆچبەر نین واتە بە فیزای قوتابییان، یاخود کارمەندی کاتی یاخود ڤیزای گەشتییاری هاتوونەتە ئەمریکا بۆ ئامانجێکی دیاری کراو و کاتێکی کەم، سیستمی ئەمریکا بە جۆرێکە دەبێت ئەم کەسانە لەگەڵ کۆتایی هاتنی کاتی گەشتەکەیان وڵاتەکە جێبهێڵن و بەهیچ جۆرێک داوای مافی مانەوە یاخود گرین کارد نەکەن.

دوورخستنەوەی ئەوانەی بە نایاسایی هاتوون

ئامانج لەم بڕیارەش بەگوێرەی گوتەبێژی بەڕێوبەرایەتی خزمەتگوزاری هاوڵاتیان و پەنابەرانی ئەمریکی بێت، گەڕانەوەی ئەم کەسانە بۆ وڵاتەکانییان، پرۆسەی وردبینیکردن کەم دەکاتەوە  و ئەو کەسانەش دووردەخاتەوە لە ئەمریکا کەدەیانەوێت بە نایاسایی لە وڵاتەکە بمێننەوە لەدوای ئەوەی مامەڵەکانییان ڕەتدەکرێتەوە.

پرۆسەکە چۆن بەڕێوە دەچێت؟

بەگوێرەی سیستمە نوێیەکەش بێت، وەزارەتی دەرەوە لە ڕێگەی کونسوڵی ئەمریکا لە وڵاتان ئەم پرۆسەیە بەڕێوەدەبات.

واشنتن پۆست پێشتر بڵاویکردووەتەوە، ساڵانە ئەمریکا زیاتر لە ملیۆنێک گرین کارد پەسەند دەکات، زیاتر لە نیوەی ئەم ژمارەیەش لە ئەمریکا دەمێننەوە تاوەکو تەواوبوونی مامەڵەکانییان.