کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان: لە 5 مانگی ڕابردوودا نزیکەی 900 گەنجی دەڤەری ڕاپەڕین کۆچیان کردووە

بەکر عەلی، سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەوروپا لە هەرێمی کوردستان
بەکر عەلی، سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەوروپا لە هەرێمی کوردستان

سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان ئاماری نوێی کۆچی گەنجان ئاشکرا دەکات و هۆشداری لە مەترسییەکانی ڕێگای تونس و لیبیا و بێسەروشوێنبوونی چەندین گەنج دەدات.

ئاماری کۆچ و گۆڕینی ڕێڕەوەکان

بەکر عەلی، سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان ڕایگەیاند، پڕۆسەی کۆچی گەنجان بۆ دەرەوەی وڵات بەردەوامی هەیە و لە سەرەتای ئەمساڵەوە تەنیا لە دەڤەری ڕاپەڕین، لە نێوان 800 بۆ 900 گەنج کۆچیان کردووە. هۆکاری گرتنەبەری ڕێگاکانی تونس و لیبیا لەلایەن گەنجانەوە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە وڵاتی تورکیا بە زەحمەت ڤیزا بە دانیشتووانی سنووری سلێمانی و ڕاپەڕین دەدات.

گەنجە بێسەروشوێنبووەکان

سەرۆکی کۆمەڵەکە ئاماژەی بەوە کرد کە ڕێگای تونس و لیبیا مەترسییەکی زۆری هەیە. لە 14ی ئازارەوە، 6 گەنجی هەرێمی کوردستان کە 5یان خەڵکی دەڤەری ڕاپەڕینن و یەکێکیان خەڵکی شارەزوورە، بێسەروشوێنن و تاوەکو ئێستا چارەنووسیان نادیارە.

تۆمەتبارکردنی گەنجان لەلایەن میدیای بەریتانیاوە

لەبارەی دەستگیرکردنی گەنجێکی دەڤەری ڕاپەڕین لە وڵاتی بەریتانیا بە ناوی کاردۆ جاف، کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان ڕایگەیاند کە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ئەو وڵاتە بێ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون، گەنجانی ناوچەکە بە قاچاخچێتی تۆمەتبار دەکەن. بەکر عەلی جەختی کردەوە کە دوای بەدواداچوونی وردیان لە کوردستان، بۆیان دەرکەوتووە کە کاردۆ جاف قاچاخچی نییە.

داواکاری لە حکومەتی هەرێمی کوردستان

کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات بێتە سەر هێڵ بۆ پاراستنی مافی گەنجان، تاوەکو ڕێگری بکرێت لەوەی بەبێ بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەی یاسایی، گەنجان لە دەرەوەی وڵات دەستگیربکرێن یان ڕادەست بکرێنەوە.