توانەوەی سەهۆڵبەندەکانی نەرویج هەڵمەتی شوێنەوارناسانی زیاد کردووە

شارەزایانی بواری شوێنەوار لە وڵاتی نەرویج، پاش توانەوەی بەشێک لە سەهۆڵبەندانی وڵاتەکە، پەنایان بردووەتە بەر کنەوپشکنینێکی چڕ بۆ دۆزینەوەی پارچە شوێنەوارییە کۆنەکانی وڵاتەکە.

هەوڵ بۆ دۆزینەوەی نهێنییەکان دەدەن

گەرچی گەرمبوونی زەوی و بەرزبوونەوەی پلەی گەرما لە نەرویج و کیشوەری بەستەڵەکی باکوور زیانێکی زۆر بە سیستەمی ژینگەیی دەگەیەنێت، بەڵام دەرگایەکی نوێی شوێنەواریی بە ڕووی شارەزایاندا کردووەتەوە بۆ گەڕان و دۆزینەوەی نهێنییە ونبووەکانی مێژووی وڵاتەکە.

چەندین پارچە دۆزراونەتەوە

تاوەکو ئێستا، پەیوەست بە توانەوەی سەهۆڵبەندەکان و دەرکەوتنی پاشماوە شوێنەوارییەکان، چەندین پارچەی جیاوازی مێژوویی لە نەرویج دۆزراونەتەوە، کە بەشێکیان دەگەڕێنەوە بۆ زیاتر لە سێ هەزار ساڵ لەمەوبەر، بەشێکیشیان پاشماوەی سەردەمی ڤایکینگەکانن.