ساتێکی ناخۆش بۆ تۆپی پێ...ئەمڕۆ فەیلەسوف ماڵئاوایی دەکات

ئەمڕۆ مانچێستەر سیتی کاتژمێر 18:00 لە یاریگای ئیتیحادی تایبەت بەخۆی میوانداریی ئەستۆن ڤێلا دەکات، ئەم یارییە جگە لەوەی کۆتا یاریی مان سیتییە لە پرێمەرلیگی ئەم وەرزەدا، هاوکات ساتێکی ناخۆش دەبێت بۆ هاندەران.

فەیلەسوف باشترینە

پێپ گواردیۆلا، ناسراو بە فەیلەسوف، لە 18ـی مانگی یەکی 1971 لە شاری سانتپێدۆری ئیسپانیا لە دایکبووە، هەر لە منداڵییەوە ئاشقی تۆپی پێ بووە، وەکو ئەوەی هاوڕێکانی چەندینجار باسیانکردووە کە ڕەفتاریی پێپ جیاواز بووە و زیرەک بووە.

گواردیۆلا وەکو یاریزان لە ئەکادیمیای لاماسیاوە پێگەیشت، لە 1991 تا 2001 16 نازناوی جۆراوجۆری بردووەتەوە، دواتر لە 2001 تا 2003 لە خولی ئیتاڵیا و لە یانەکانی رۆما و برێسشیا بەردەوامی بە کاروانی وەرزشی خۆی دەدا.

گواردیۆلا لە ساڵی 2006 بڕیاریدا بەتەواوی واز لە یارییکردن بهێنێت، دواتر بووە ڕاهێنەر و بەهۆی شارەزایی لە تاکتیکی تیکی تاکا نازناوی فەیلەسوفی لێنرا.

گواردیۆلا لە 2008 تاوەکو 2012 دەبێتە ڕاهێنەری بەرشلۆنە، کە 14 نازناوی جیاوازی بردەوە و تیایدا دوو چامپیۆنزلیگی بەدەستهێنا.

دواتر فەیلەسوف لە 2013 تا 2016 ڕوودەکاتە یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی، لەوێش حەوت نازناوی جیاواز دەباتەوە، کە تیایدا سێجار نازناوی بۆندسلیگای لەسەریەک بردەوە.

لە هاوینی 2016 پەیوەندیی بە مان سیتییەوە کرد، وەکو هەمیشە چووبیتە هەر یانەیەک گۆرانکاریی کردووە و کاریگەریی خۆی هەبووە.

لەگەڵ مان سیتی خاوەنی 20 نازناوە، هەروەها ڕیکۆردی سیانەی نازناوەکانی شکاند، کاتێک لەگەڵ سیتی لە وەرزی 2022-2023 نازناوەکانی جامپیۆنزلیگ، پرێمەرلیگ و جامی ئینگڵتەرای بردەوە.