ئۆزگور ئۆزەل بە هێز لە بارەگای سەرەکی جەهەپە دەرکرا

پارەگای سەرەکی جەهەپەلە ئەنقەرە، فۆتۆ: AFP
پارەگای سەرەکی جەهەپەلە ئەنقەرە، فۆتۆ: AFP

ئەمڕۆ هێزە ئەمنییەکانی تورکیا دەروازەکانی بارەگای سەرەکی جەهەپەیان لە ئەنقەرە شکاند و ئۆزگور ئۆزەلیان بە هێز لە بارەگای سەرەکی حیزبەکە دەرکرد و کڵچدارئۆغڵو دەستی بەسەر بارەگاکەدا گرت.

بەڕێکردنی ڕۆژێکی دیکەی نائاسایی لە ئەنقەرە

ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا ڕۆژێکی دیکەی نائاسایی بەڕێکرد و لە پێنج شەممەوە کە دادگا بڕیاریداوە کۆنگرەی ئاسایی 38ـەمینی جەهەپە هەڵبوەشێنێتەوە و ئۆزگور ئۆزەل و سەرکردایەتی پارتەکە بنێرێتەوە ماڵەوە و کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی پێشووی پارتەکە و ئەو سەرکردایەتییە بهێنێتەوە کە لە کۆنگرەی 37ی پارتەکەدا هەڵبژێردراون، چوارەم ڕۆژی لەسەریەکە چاوەکان لەسەر ئەنقەرەن.

هەوڵەکانی جەهەپە بۆ چوونە ناو بارەگای سەرەکی

لە بەیانی زووەوە ژمارەیەک لە پەرلەمانتاری نزیک لە کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی گەڕێندراوە و ژمارەیەک لە لایەنگرانی پارتەکە ویستیان بچنە نێو بارەگای سەرەکی جەهەپەوە، کە ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی دوورخراوەی پارتەکە و سەرکردایەتی جەهەپەی تێدابوو.بەڵام لەلایەن پەرلەمانتار و لایەنگرانی ئۆزەلەوە ڕێگرییان لێکرا، کە ئەوەش بووەهۆی دروستبوونی گرژی لە بەردەم بارەگاکەدا.

دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزی

بۆ ماوەیەک گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان پەرلەمانتار و لایەنگرانی کڵچدارئۆغڵو و پەرلەمانتار و لایەنگرانی ئۆزەلدا سەریهەڵدا و لایەنگرانی ئۆزەل دەرگاکانی بارەگاکەیان داخست.

داوای گردبوونەوەی جەماوەری لە بەردەم بارەگای جەهەپە

عەلی ماهیر باشاریر، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی جەهەپە، ئەوانەی بە مافیا ناوبرد کە چوونە بەردەم بارەگای سەرەکی و ڕایگەیاند، ئەوانەی هاتوون چەکیان پێبووە، هەربۆیە داوای لە هەموو ئەندامانی پارتەکەی و خەڵک کرد، ڕوو لە بارەگای سەرەکیی جەهەپە بکەن و خاوەندارێتیی لە پارتەکەیان بکەن.

بەڕێچوونی کۆنگرەی جەهەپە لە نزیکترین کاتدا

لە بەرامبەردا ماهیر پۆڵات، پەرلەمانتاری جەهەپە و لایەنگری کڵچدارئۆغڵو، لەو کەسانە بوو دەیویست بچێتە ناو بارەگای پارتەکەی گوتی، ئەوەی ڕوودەدات و ڕێگەیان پێنادرێت بچنە بارەگاکەیان دۆخێکی خراپە، بەڵام دڵنیان پارتەکەیان لە نزیکترین کاتدا کۆنگرە دەکات و کێشەکانی چارەسەر دەکات.

مەرجی ئۆزگور ئۆزەل سەرۆکی دوورخراوەی جەهەپە

دواتر ئۆزگور ئۆزەل سەرۆکی دوورخراوەی جەهەپە لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لەگەڵ کەمال کڵچدارئۆغڵو، کە بە بڕیاری دادگا بووەتەوە بە سەرۆکی جەهەپە، کۆدەبێتەوە، بەو مەرجەی ناوبراو بڕیار بدات لەماوەی 40 ڕۆژدا کۆنگرە بکرێت.

لێدوانەکانی ئۆزگور ئۆزەل

ڕەخنەشی لە کڵچدارئۆغڵو گرت و گوتی، کڵچدارئۆغڵو بە نایاسایی گەڕاوەتەوە بۆ سەرۆکایەتیی پارتەکە. باسی لەوەکرد، لە کۆبوونەوەکانی داهاتووی فراکسیۆنەکەی خۆی وتار دەدات، نەک کڵچدارئۆغڵو.

ئۆزەل گوتیشی: "ئەگەر گوێ لە قسەی ئەندامانی جەهەپە بگرن کە لەسەر شەقامەکانن، دەردەکەوێت کەسیان گۆڕینی سەرۆکی پارتەکەیان قبوڵ ناکەن".

ئاماژەی بەوەشکرد، کڵچدارئۆغڵو بە بڕیاری دادگا و بە فشار و دەستی ئاکپارتی کراوەتەوە بە سەرۆکی جەهەپە.

داوای هاوکاری لە پۆلیس

پاش ئەوەی لایەنگرانی ئۆزەل و سەرکردایەتی پارتەکە کە لە نێو بارەگای سەرەکیدا بوون، بەنیاز نەبوون بارەگاکە ڕادەستی کڵچدارئۆغڵو و لایەنگرانی بکەن، کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی گەڕێندراوەی جەهەپە داوای لە پۆلیسی ئەنقەرە کرد، هاوکارییان بکەن بچنە ناو بارەگای سەرەکی جەهەپە.

لەسەر بنەمای داواکارییەکە، پارێزگای ئەنقەرە، پۆلیسی بۆ وەرگرتنەوەی بارەگاکە ڕاسپارد و کڵچدارئۆغڵوش گوتی، هەرکەسێک دژی بڕیاری دادگا بووەستێتەوە، ڕێکار لە دژی دەگیرێتەبەر.

هەوڵەکانی دوورخستنەوەی گرژییەکان

دواتر ئۆزگور ئۆزەل گوتی، لەڕێگەی پاسەوانی یانە شەوانەکانی ئەنقەرەوە، کڵچدارئؤغڵو و لایەنگرانی هەوڵی چوونە ناو بارەگای پارتەکەیان داوە و ئەوانیش بۆ ئەوەی گرژیی دروستنەبێت، بارەگاکەیان داخستووە. 

ئۆزەل بە میدیای نزیک لە پارتەکەی گوت، لەکاتێکدا بڕیار بوو ڕۆژی یەکشەممە شاندێکیان لەگەڵ شاندی سەر بە کەمال کڵچدارئۆغڵو کۆببنەوە، بەڵام لە کاتژمێر حەوتی بەیانییەوە، بەشێک لە پەرلەمانتار و لایەنگرانی کڵچدارئۆغڵو چوونەتە سەر بارەگای پارتەکەیان.

ڕێوشوێنی هێزە ئەمنییەکان لە ئەنقەرە

لەدوای داواکارییەکەی کڵچدارئۆغڵو، هێزە ئەمنییەکانی ئەنقەرە دەستیان بە چوونە ناو بارەگای سەرەکی جەهەپە کرد و ئۆزگور ئۆزەل لەو کاتەدا پەیامێکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند لەژێر پەلاماردان، بەڵام بارەگاکەیان ڕادەست ناکەن.

گوتیشی: "ئەگەر بە زەبری هێز لە بارەگاکە بکرێنە درەوە، ڕوو لە شەقام و پەرلەمان دەکەن و لە خەبات بەردەوام دەبن".

ئۆزەل گوتی: "دەیانەوێت دەستبەسەر ئەم بارەگایەدا بگرن و وێرانی بکەن، لێرە ناچینە دەرەوە، نازانم تا چەند دەتوانین بەرگە بگرین، لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە کەسانێک نین دەست لە پۆلیسی دەوڵەت بەرز بکەینەوە، هیچ کەسێک ناتوانێت ئەم کورسییەمان لێ زەوت بکات کە بە بڕیاری ئەندامانی کۆنگرە لەسەری دانیشتووین. ئەگەر لێرەش دەرمان بکەن، لە گۆڕەپانەکان خەباتمان بەردەوام دەبێت".

دەستبەرنەبوون لە خەبات

وەک ئاماژەیەکیش بۆ ئەوەی ڕوو لە پەرلەمان دەکات گوتی: "ئیتر ئەوکاتە ژوورێکی فراکسیۆنەکەمان لە پەرلەمان دەکەینە بارەگای سەرەکی. لێرەوە داوای هەڵوێست لە ئەندامانی پارتەکەمان و خەڵکی تورکیا دەکەین، چی دەبێت با ببێت، دەستبەرداری خەبات نابین".

بەر لەوە ئۆزەل نووسراوی ئاگادارکردنەوەی دادگای بۆ هێنرا تاوەکو پێیڕابگەیەنرێت دەبێت بارەگای سەرەکی چۆڵ بکات، ئەویش لەبەردەم کامێراکاندا نووسراوەکەی دڕاند.

دروستبوونی ئاڵۆزی لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان

پاش ماوەیەکی کەم هێزە ئەمنییەکان، لەڕێگەی بڵاوکردنەوەی گازی فرمێسکڕێژ و شکاندنی دەروازەکانی بارەگای سەرەکی جەهەپە چوونە ژوورەوە و ئۆزەل و لایەنگرانیان لە بارەگاکە کردە دەرەوە.

پشتیوانی پەرلەمانتاران لە ئۆزگور ئۆزەل

ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی دوورخراوەی جەهەپە کە لە کۆی 138 پەرلەمانتاری پارتەکەی، 110 پەرلەمانتاری لەگەڵە، لە کاتی هاتنە دەرەوەیدا دڵتەنگی خۆی بە جێهێشتنی بارەگاکەیان نەشاردەوە و گوتی: "دەچینە دەرەوە بەڵام ئەم بارەگایە بەدەست دەهێنینەوە و کاتێک جارێکی تر دێینەوە ئێرە، ئەم دەسەڵاتە و ئەوانەی دەستیان خستووەتە ناودەستی، بوێری ئەوەیان نابێت کاری وا بکەن".

ئۆزەل کڵچدارئۆغڵو و لایەنگرانی بەوە تۆمەتبارکرد، ئەوەی نەیانتوانیوە بە کۆنگرە و لەڕێگەی دەنگی ئەندامانی کۆنگرەوە بەدەستی بهێنن، لەڕێگەی ئاک پارتی و دادگاکانی ژێر دەسەڵاتییەوە بەدەستهێناوە.

ئۆزگور ئۆزەل ئاماژەی بەوەشکرد لە کاتژمێر حەوتی بەیانییەوە داوایان لە کڵچدارئۆغڵو کردووە، وادەی کۆنگرە ڕابگەیەنێت تاوەکو گرفتەکان کۆتاییان بێت بەڵام ئەوان گوێی خۆیان لەو داواکارییە خەواندووە.

دەشڵێت بڕیاربوو، کاتژمێر 12ی نیوەڕۆ شاندی هەردوولا لەوبارەیەوە کۆببنەوە بەڵام ئەوان لە بەیانی زووەوە هەڵیانکوتاوەتە سەر بارەگای گشتیی جەهەپە.

ئۆزەل لەگەڵ هاتنە دەرەوەی لە بارەگای سەرەکی دەستی بە ڕێپێوان بەرەو پەرلەمانی وڵاتەکەی کرد و گوتی: " کاتێک ئەم پارتە دامەزرا، بارەگایەکی بەناوی بارەگای سەرەکی نەبوو. دوای دامەزراندنی پەرلەمانیش یەکەم بارەگای سەرەکی جەهەپە لە ناو پەرلەماندا بوو".