ڕۆیشتنى مۆرینیۆ بۆ ڕیاڵ مەدرید کێشەى تێکەوت
بەهۆى هەڵبژاردنى سەرۆکایەتیی یانەى ڕیاڵ مەدرید، گواستنەوەى جۆزێ مۆرینیۆ بۆ یانەى ڕیاڵ مەدرید کێشەى تێکەوت و ئەگەر هەیە گواستنەوەکە شکست بهێنێت.
میدیاکانى ئیسپانیا ئاشکرایان کردووە، ئینریکى ڕیکێلمى، بە فەرمى ڕایگەیاندووە کە بەشدارى هەڵبژاردنى سەرۆکایەتیی یانەى ڕیاڵ مەدرید دەکات، ئەوەش دەبێتە یەکەم ڕکابەریی ڕاستەقینە لە 20 ساڵى ڕابردوودا بۆ فلۆرێنتینۆ پێرێز کە دەستى بەسەر سەرۆکایەتى یانەى شاهانەدا گرتووە.
بە پێی زانیاریی میدیاکانى ئیسپانیا، یەکێک لە کارتە بەهێزەکانى پێرێز بۆ بردنەوەى کورسى سەرۆکایەتى یانەى ڕیاڵ مەدرید، بەڵێنى گواستنەوەى جۆزێ مۆرینیۆ بوو بە هاندەران، کە تا راددەیەکى زۆر یەکلابووەتەوە کە لە کاتى دەرچوونى پێرێز، مۆرینیۆ وەرزى داهاتوو ڕاهێنەرى ئەو یانەیە دەبێت، بەڵام هاتنە پێشەوەى ڕیکێلمى بەو هێزە زۆرەوە، کێشەى بۆ هەڵبژاردنەوەى پێرێز و گواستنەوەى مۆرینیۆ دروست کردووە، چونکە لە کاتى بردنەوەى سەرۆکایەتیی یانەى ڕیاڵ مەدرید، ڕیکێلمى پەنا بۆ ڕاهێنەرێکى تر دەبات نەک مۆرینیۆ.
لەلایەکى ترەوە، ڕۆژنامەى ئەى ئێسى ئیسپانیى ئاشکراى کردووە، بەهۆى ئەوەى مەرجى هەڵوەشاندنەوەى گرێبەستەکە ئاماژەى پێ نەکراوە، یانەى بەنفیکا ئێستا داواى بڕە پارەیەکى زۆر دەکات بۆ دەستبەرداربوون لە مۆرینیۆ، کە لە 7 ملیۆن یۆرۆ کەمتر نیە.
ئەى ئێس ئەوەشى ئاشکرا کردووە، ئەگەر تاوەکو 26ى ئەم مانگە ڕیاڵ مەدرید بە فەرمى لەگەڵ مۆرینیۆ ڕێککەوتن نەکات و گرێبەستەکە یەکلا نەکاتەوە، ئەوا ئەرکى یانەى شاهانە قورس دەبێت بۆ گواستنەوەى ئەو ڕاهێنەرە پۆرتوگالیە، چونکە لەو کاتەدا دەبێت گفتوگۆ لەگەڵ ئیدارەى یانە بەنفیکا بکات تاوەکو ڕەزامەندى بۆ دەستبەرداربوون لە ڕاهێنەرەکەیان دەرببڕن.
24/05/2026