تۆپى پێی عێراق لە سەردەمى یونسدا شکست دەهێنێت

ناوبانگی وەرزشی و مێژووی پڕ لە دەستکەوت وەک یاریزان، هەرگیز نابێتە گرەنتی بۆ سەرکەوتنی کەسایەتییەکان لە جیهانی کارگێڕی، پلانداڕشتن و بەڕێوەبردنیدا.

گەیشتنی یونس مەحموود بۆ سەر کورسیی سەرۆکایەتیی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق، ململانێی نێوان دوو عەقڵییەت و دوو شێوازی رەفتاریی دژبەیەک دەخاتە قۆناغێکی نوێوە.

 عەدنان درجال نوێنەرایەتیی مۆدێلێکی رێساخواز، زمانی هاوسەنگ، ئەتەکێتی دیپلۆماسی و هزری دامەزراوەیی دەکرد کە وەک بەڕێوەبەرێکی جێبەجێکار بیر دەکاتەوە.

 لە بەرامبەردا، یونس مەحموود هەرچەندە خاوەنی باکگراوەندێکی کارگێڕییە لە ناو یەکێتییەکەدا، بەڵام کارەکتەرێکە کە هەمیشە بە لێدوانە بازاڕییەکانی، نەبوونی ئەتەکێتی بەڕێوەبردن و زمانێکی جەستەی هێرشبەرانە دەناسرێتەوە؛ هەر بۆیە شەقامی وەرزشی لە ئێستاوە پێیان وایە کە ئەو شایستەی ئەم شوێنە نییە و نابێتە پیاوی بڕیاری راستەقینە، بەڵکو تەنیا سیمبولێکی روواڵەتی دەبێت.

ئەم پاشخانە رەفتارییە ناوازەیەی سەرۆکی نوێ، رەنگدانەوەی مۆدێلێکی گشتییە کە تێیدا یونس مەحموود و ئەو کوتلەیەی لە ساڵی 2007دا بوونە پاڵەوانی ئاسیا، بەهۆی ئەو پاشخانە سۆزدار و جەماوەرییەی لە کاتی خۆیدا بۆیان دروست بوو، وەک "ئیستحقاقێکی مێژوویی" سەیری پۆستە کارگێڕییەکان دەکەن.

 ئەوان وەک باندێکی داخراو کار دەکەن، پۆستەکان قۆرخ دەکەن و لە پێناو مانەوەی خۆیاندا پشتگیریی یەکتر دەکەن، بەبێ ئەوەی خاوەنی کەمترین تێگەیشتنی مۆدێرن بن بۆ زانستی بەڕێوەبردن، ئەمەش وایکردووە ئەم نەوەیە ببێتە بەڵا بەسەر جەستەی وەرزشی عێراقەوە و دەرگا لەسەر کارگێڕە زیرەک و لێهاتووەکان دابخات، بە جۆرێک کە من وەک راگەیاندنکارێک کە لە نزیکەوە ئاگاداری واقیعی خولەکانی عێراقم، پێم وایە هەر ناوێک ببێتە سەرۆکی یەکێتییەکە هیچ لە کاکڵەی بابەتەکە بۆ ئێمەی کورد ناگۆڕێت، ئەم بێباکی و بێئومێدییە لە گۆڕانکاری لەوەوە سەرچاوە دەگرێت، کە کێشەی سەرەکی لە پێکهاتەی سیستەمەکەدایە نەک تەنیا لە جیاوازیی کەسایەتییەکاندا؛ واقیعێک کە گەندەڵی و کڕینی ویژدانەکان ئاڕاستەی دەکەن.

چاوپێکەوتنە میدیاییەکەی کاپتن حەمزە هادی، پەردەی لەسەر کارەساتێکی گەورە لادا و راستییەکی حاشاهەڵنەگری خستە ڕوو، کاتێک ئاشکرای کرد گووتی: "کوتلەی حەلبووسی و مفتن، لە رێگەی خیانەتێکی رێکخراوەوە بەرامبەر بە عەدنان درجال، پڕۆسەی دەنگدانیان کڕیوە! پڕۆسەی کڕینی دەنگەکان بە بڕی 50 ملیۆن دینار بۆ هەر دەنگێک، شەوی پێش هەڵبژاردنەکە لە ناو هۆتێلەکاندا و لە ناو جانتادا بەسەر دەنگدەراندا دابەش کراوە، تا بەو پارەیە بووڵەکەیەکی دەستیی خۆیان بێننە سەر کورسیی دەسەڵاتی یەکێتیی تۆپی پێ".

ئەم ململانێیەی هێز، دارایی و بەرژەوەندی لە ناوەندەکانی بڕیاردانی بەغدا بە جۆرێک داڕێژراوە کە پۆستی سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق و پۆستی سەرۆک کۆمار، لە رووی رێککەوتنی پێشوەختە، پشککاری (محاصصة) و سازشی سیاسی لە پێناو بەرژەوەندیی کەسی و مانەوە لە دەسەڵاتدا، دوو رووی یەک دراون؛ بەرپرسەکانیان تەنیا پیاوی کارتۆنین لەسەر کورسیی دەسەڵاتدا.

هەرچەندە وەرزشی عێراق بۆ من بەهایەکی ئەوتۆی نییە و گرنگ نییە، بەڵام پێشبینی دەکەم لە سەردەمی سەرۆکایەتیی یونس مەحمووددا، وەرزشی عێراق پاشەکشەیەکی مێژوویی بەخۆیەوە ببینێت؛ دۆخەکە بە جۆرێک تێکبچێت کە بگەڕێتەوە بۆ سەردەمی پێش تەکنەلۆجیای ڤاڕ و سەردەمی تۆپ لەنێو مەنجەڵی ماستدا.

لەم هاوکێشە ئاڵۆز و بەرژەوەندخوازییەدا، بۆ یانە کوردستانییەکانی بەشدار لە خولی ئەستێرەکان، سەرۆکایەتیی نوێی یونس مەحموود هیچ گۆڕانکارییەک ناهێنێتە کایەو، پرسی هاوکاریی دارایی بۆ یانەکانی هەرێم هەر لە بنەڕەتدا لە ئەجێندای بەغدا بوونی نییە؛ هیچ بڕیارێکی راستەقینە بۆ تەرخانکردنی بودجە بۆ ئەم یانانە نەدراوە و نادرێت. ئەم پشتگوێخستنە هەمیشەییە نە لە سەردەمی عەدنان درجالدا گرنگیی پێدراوە و نە لە سەردەمی یونس مەحموودیشدا دینارێکی بۆ خەرج دەکرێت، یونس مەحموود لەم پۆستە نوێیەیدا هیچ شتێکی پێ ناکرێت، ئەگەر چاکەیەکیش بکات، تەنیا ئەوە دەبێت کە دەستوەردان بکات لە لیژنەی ناوبژیوانان و ناوبژیوانیان بۆ دابنێت کە لە بەرژەوەندیی یانە کوردییەکاندا بێت؛ بەڵام لە رووی ستراتیژی و مافە داراییەکانەوە، ئەویش هاوشێوەی پێشینەکانی مل دەدات بۆ یاسا و فشاری کوتلەکانی بەغدا لە پێناو پاراستنی کورسییەکەی.

بەڵام ناکرێت هەمیشە تەنیا لایەنی بەرامبەر تۆمەتبار بکەین؛ چونکە کاتێک بە واقیعیانە سەیری ماڵی خۆمان دەکەین، دەبێت دان بە راستییەکی هێندە تاڵدا بنێین؛ ئێمە بەتایبەت لە شارەکانی هەولێر و دهۆک، لە رووی کارگێڕی و شێوازی مامەڵەکردنان لەگەڵ بەغدا، شکستێکی جەرگبڕ و گەورەمان هێناوە. هەمیشە کێشەکانمان تەنیا خستووەتە ئەستۆی دەرەوە، بەبێ ئەوەی ئاوڕێک لە کەمکوڕی و نەبوونی پلانی خۆمان بدەینەوە. تاکو دیراسەیەکی ورد، زانستی و ئەکادیمی بۆ ئەم هەموو شکستە یەک لەدوای یەکانە نەکرێت و عەقڵییەتی کارگێڕیمان نەگۆڕدرێت، هەرگیز پێشناکەوین.

کێشەی راستەقینەی ئێمە، نەبوونی "لۆبییەکی بەهێز، لێهاتوو و یەکگرتووی وەرزشییە لە بەغدا" کە بتوانێت بە شێوازێکی ئەکادیمی و زانستی دانوستان بکات و مافەکان بستێنێت، تا ئەو کاتەی تێڕوانینەکانمان تەنیا لە چوارچێوەی گۆڕینی کارەکتەرەکاندا کورت ببنەوە و کارگێڕییەکی زانستی لە شارەکانماندا بونیاد نەنێین، واقیعە رەقەکە وەک خۆی دەمێنێتەوە.