بۆ ڕێگری لە تای خوێنبەربوون؛ وەزارەتی کشتوکاڵ ڕێنمایی بۆ گۆشتی قوربانی بڵاوکردەوە

ئاژەڵی قوربانیکردن
ئاژەڵی قوربانیکردن

وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوى هەرێمى کوردستان، بە مەبەستی ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون، چەند ڕێنماییەکی نوێی بۆ پڕۆسەی قوربانیکردن لە ڕۆژانی جەژندا بڵاوکردەوە.

مەرجەکانی ئاژەڵی قوربانی

بەگوێرەی ڕێنماییەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ، پێویستە ئەو ئاژەڵەی بۆ قوربانیکردن هەڵدەبژێردرێت بە تەواوی ساغ بێت و هیچ نیشانەیەکی نەخۆشی یان "گەنە"ی پێوە نەبێت. هەروەها جەخت کراوەتەوە کە نابێت لە ماوەی 3 هەفتەی پێش سەربڕیندا، هیچ جۆرە دەرمانێکی چارەسەریی بە ئاژەڵەکە درابێت.

ئامادەکاریی سەربڕخانەکان لە ڕۆژانی جەژندا

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەری هەرێمى کوردستان، ڕایگەیاندووە، دەبێت سەربڕخانەکان لە ڕۆژانی جەژنی قورباندا بە ڕووی هاونیشتمانییاندا کراوە بن. پێویستە ستافی پزیشکیی ڤێتێرنەری ئامادەبن بۆ ئەنجامدانی پشکنین بۆ ئاژەڵەکان پێش سەربڕین و پشکنینی گۆشتەکە دوای سەربڕین، هاوکات دەبێت سەربڕخانەکان بە دەرمانی تایبەت بڕشێندرێن.

ڕێکارەکانی مامەڵەکردن لەگەڵ گۆشت

وەزارەتی کشتوکاڵ، ئاماژە بەوەشدەکات، دەبێت گۆشتی قوربانی پێش بەکارهێنانی بۆ ماوەی 24 کاتژمێر لە ناو ساردکەرەوەدا بهێڵرێتەوە. لە کاتی گواستنەوەشدا پێویستە پلەی گەرمیی گۆشتەکە لە نێوان 3 بۆ 6 پلەدا بێت و بۆ دابەشکردنیشی کیسەی نایلۆنی نوێ و بێڕەنگ بەکاربهێندرێت.

پاراستنی سەلامەتیی قەساب و هاونیشتمانییان

لە ڕێنماییەکاندا داوا لە قەسابەکان و ئەو کەسانەی قوربانی دەکەن کراوە، تەواوی ڕێکارەکانی خۆپارێزی جێبەجێ بکەن، بەتایبەت بەکارهێنانی دەستکێشی پلاستیکی و پۆشینی جلی تایبەت. هەروەها جەخت لەوە کراوەتەوە کە لە کاتی سەربڕینی ئاژەڵەکاندا، پێویستە لە دروستکردنی قەرەباڵغی دووربکەونەوە.