لە 29ـی مانگەوە گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان سلێمانی و تاران دەست پێ دەکەنەوە
لەگەڵ نزیکبوونەوەی جەژنی قوربان، پڕۆسەی گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان سلێمانی و ئێران ئاسایی دەبێتەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە بەهۆی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە، کەرتی گەشتیاریی هەولێر بە ڕێژەی 80٪ کەمییکردووە.
دەستپێکردنەوەی گەشتەکانی سلێمانی و تاران
عەتا ئەنوەر، سەرۆکی یەکێتیی کۆمپانیا گەشتیارییەکانی سلێمانی ڕایگەیاند، بڕیارە ڕۆژی هەینی 29ـی ئایار گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان سلێمانی و تاران دەستپێبکەنەوە. بە گوتەی ناوبراو، کۆمپانیا گەشتیارییەکان ئامادەکاریی دەکەن بۆ هێنانی گەشتیار لە ئێرانەوە بۆ هەرێمی کوردستان و بە پێچەوانەشەوە بردنی گروپە گەشتیارییەکان بۆ ناوچەکانی باکووری ئێران.
دابەزینی ئامارەکانی گەشتیاری لە هەولێر
شێرزاد زراری، سەرۆکی کۆمەڵەی کۆمپانیا گەشتیارییەکانی هەولێر ئاماژەی بەوە کرد، هەرچەندە گەشتە ئاسمانییەکانی تاران بۆ هەولێر لە 1ـی ئایارەوە کراونەتەوە، بەڵام خواست لەسەر گەشتکردن بۆ ئێران زۆر کەمە. ناوبراو ڕایگەیاند، ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی ڕابردوو ڕێژەی گەشتەکان 80٪ کەمییکردووە و داهاتی ئەو کۆمپانیایانەی لەگەڵ ئێران کار دەکەن بە ڕێژەی 70٪ دابەزیوە.
پێشبینییەکان بۆ پشووەکانی جەژن
سەرۆکی یەکێتیی کۆمپانیا گەشتیارییەکانی سلێمانی پێشبینی دەکات بۆ ڕۆژانی جەژنی قوربان، ژمارەیەکی زۆر گەشتیار لە ناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە ڕوو لە پارێزگای سلێمانی بکەن. ئەمەش لە کاتێکدایە کە کۆمپانیا گەشتیارییەکان بە گشتی لەمساڵدا بەدەست کەمبوونەوەی گەشتەکان و داهاتەکانیانەوە دەناڵێنن و هیواخوازن پشووەکانی جەژن ئەم دۆخە باشتر بکات.
کاریگەریی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە لەسەر گەشتەکان
جەنگی ئێران و ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کاریگەری ڕاستەوخۆیان لەسەر کەرتی گەشتیاری هەبووە. داخستنی گەرووی هوورمز بووەتە هۆی دروستبوونی قەیرانی سووتەمەنی و بەرزبوونەوەی تێچووی وزە، ئەمەش وایکردووە گەشتە ئاسمانییەکان لەسەر ئاستی جیهان بەهۆی زۆری تێچووەوە کەمببنەوە و لە ناوچەکەشدا ببێتە هۆی وەستان و پچڕانی گەشتەکان.
25/05/2026