لە کێکی زەردەوە بۆ وێرانکاری؛هەموو شتێک لەبارەی یۆرانیۆم

پەرەسەندنی سەربازیی ئەم دواییەی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، مشتومڕەکانی لەبارەى چەکی ئەتۆمی و مەترسییەکانی بڵاوبوونەوەی گەرمکردەوە.

بەگوێرەى خەمڵاندنەکانی فیدراسیۆنی زانایانی ئەمریکی و کۆمەڵەی نێودەوڵەتیی کۆنترۆڵکردنی چەک، نۆ وڵات پۆلێن دەکرێن کە خاوەنی چەکی ئەتۆمی یان پێدەچێت خاوەنی چەکی ئەتۆمی بن، ئەوانیش ئەمریکا، ڕووسیا، چین، فەڕەنسا، بەریتانیا، هیندستان، پاکستان، کۆریای باکوور و ئیسرائیل. تاوەکو ئێستا ئێران بە دەوڵەتێکی خاوەن چەکی ئەتۆمی نازانرێت.

لە مێژوودا تەنیا دووجار چەکی ئەتۆمی بەکارهێنراوە، ئەویش ئەو کاتەبوو ئەمریکا لە مانگی ئابی ساڵی 1945 دوو بۆمبی ئەتۆمی بەسەر شارەکانی هیرۆشیما و ناگازاکی ژاپۆن بەردایەوە، تاوەکو کۆتایی ئەو ساڵە ژمارەی کوژراوان گەیشتە نزیکەی 140هەزار کەس لە هیرۆشیما و 74 هەزار کەس لە ناگازاکی.

چەکی ئەتۆمی لە ڕێگەی تەقینەوە، گەرما و شەپۆلی فشارەوە وێرانکارییەکی بێئەندازە دروست دەکات. هەروەها تیشک دەردەکات کە دەتوانێت ببێتە هۆی ژەهراویبوون بە تیشک و نەخۆشییە قورسەکان، کاریگەرییەکانیش دوای ساتەوەختی تەقینەوەکە ماوەیەکی زۆر دەمێننەوە.

بەڵام پێش ئەوەی بگاتە ئاستی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی، چۆن یۆرانیۆم دۆزرایەوە؟ بەکارهێنانی ئاشتیانەی وزەی ئەتۆمی چین؟

یۆرانیۆم چییە؟

یۆرانیۆم توخمێکی کیمیایی کانزایى قورس و سپی مەیلەو زیوینە و هێماى U و ژمارەى 92ــى لە پۆلێنى زانستیدا بۆ دانراوە. بەشێوەیەکی سروشتی، بە چڕییەکى کەم، لە خاک و بەرد و ئاودا هەیە، هەروەها بەشێوەیەکی بازرگانی لە کانزاکانی هەڵگری یۆرانیۆم دەرهێنراوە، وەک یۆرانینایت کە بە "پیتچبلێند" ناسراوە.

یۆرانیۆمی پاک کانزایەکی سپی مەیلەو زیوین یان خۆڵەمێشی- زیوییە. بەڵام خامى یۆرانیۆم لە سروشتدا هەمیشە ئەم ڕەنگەى نییە؛ دەتوانن بە ڕەنگی جۆراوجۆر دەرکەون بەگوێرەى ئەو کانزایانەی کە تێکەڵیان کردووە، وەک زەرد، قاوەیی، ڕەش و سەوز.

دەتوانرێت کانزای یۆرانیۆم لە کانە کراوەکان یان ژێر زەوی دەربهێنرێت. دوای دەرهێنانی کانزاکە ورد دەکرێت و لە کارگەی تایبەتمەندد پرۆسێس دەکرێت بۆ جیاکردنەوەی یۆرانیۆم لە کانزاکانى دیکە. هەروەها دەتوانرێت بە بەکارهێنانی ڕێگایەک دەربهێنرێت کە بە دەرهێنانی لە شوێنی خۆیدا ناسراوە، کە گیراوەیەک دەخرێتە ناو پاشماوەکانى خامەکە لە ژێر زەوی بۆ تواندنەوەی یۆرانیۆم، کە دواتر پەمپ دەکرێتەوە بۆ سەر ڕووی زەوی بۆ پرۆسێسکردن.

بەگوێرەى وەزارەتی وزەی ئەمریکا، یۆرانیۆمی دەرهێنراو لە زەوی بەشێوەیەکی گشتی وەک فۆرمێکی چڕ لە ئۆکسیدی یۆرانیۆم هەڵدەگیرێت و بازرگانی پێوەدەکرێت و دەفرۆشرێت، کە زۆرجار بە فۆرمۆلەی کیمیایی U3O8 دەردەکەوێت. ئەم چڕکراوە بە "کێکی زەرد"یش ناسراوە.

یۆرانیۆم بە چڕی بەرزی دەناسرێتەوە کە نزیکەی 19 گرامە لە هەر سانتیمەتر چوارگۆشەدا، ئەمەش وایکردووە نزیکەی 1.7 هێندەی سرکە چڕتر بێت.

کۆمەڵەی ئەتۆمیی جیهانی باس لەوە دەکات کە لە کاتێکدا یۆرانیۆم توخمێکی بەربڵاو نییە لە کۆمەڵەی خۆردا، بەڵام خراپبوونی تیشکدەرەوەی هێواش لەگەڵ توخمە تیشکدەرەکانی دیکە، بەشدارییەکی بەرچاوی هەیە لە بەرهەمهێنانی گەرمی ناوەوەی زەوی، کە ڕۆڵی هەیە لە جوڵەی پلاکی تەکتۆنیکیدا.

سەبارەت بە دروستبوونی یۆرانیۆمیش، کۆمەڵەکە باوەڕى وایە پێش دروستبوونی زەوی لە سوپەرنۆڤا، "تەقینەوەی ئەستێرەیی لەڕادەبەدەر ڕووناک و تیشکدانەوەى" ڕوویداوە، دواتر یۆرانیۆمیش بووەتە بەشێک لە پێکهاتەی ئەو ماددانەی کە کۆمەڵەی خۆریان پێکهێناوە.

لە مێژوودا یۆرانیۆم بە پلەی یەکەم لە ڕێگەی کانە تەقلیدییەکانەوە دەردەهێنرا، کە کانزاکە ورد و پرۆسێس دەکرا بۆ دەرهێنانی یۆرانیۆم. ئەمڕۆ بەشێکی زۆری بەرهەمهێنانی جیهانی پشت بە دەرهێنانی لە شوێنی خۆیدا دەبەستێت، پێش ئەوەی لە کۆتاییدا ماددەی دەرهێنراو بگۆڕدرێت بۆ چڕبوونەوەی ئۆکسیدی یۆرانیۆم کە بە "کێکی زەرد" ناسراوە، کە فۆرمێکی بازرگانی باوی یۆرانیۆمە.

کێ یۆرانیۆمی دۆزیەوە؟

کیمیاکاری ئەڵمانی مارتن هاینریچ کلاپرۆس بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1789دا یۆرانیۆمی ناسیەوە لەکاتی شیکردنەوەی نمونەی "پیتچبڵەند" لە کانەکانی زیو لە یواکیمستاڵ، لە شانشینی بۆهێمیای پێشوو کە ئێستا بەشێکە لە کۆماری چیک.

کلاپرۆس، یۆرانیۆمی بەشێوەی کانزای پاکی خۆی جیا نەکردەوە، بەڵکو یەکێک لە پێکهاتەکانی دەستنیشانکرد، کە ناوی "ئۆران"ـی ناوە بە ناوی هەسارەی ئۆرانۆسەوە، کە چەند ساڵێک پێشتر دۆزیبوویەوە.

ساڵانێکی زۆر پێش ئەوەی تایبەتمەندییە تیشکدەرەکانی بدۆزرێتەوە، یۆرانیۆم بۆ ڕەنگکردنی شووشە و بۆیاخکردنى سیرامیک بەکاردەهێنرا و هەندێک لە پێکهاتەکانی لە فۆتۆگرافی سەرەتاییدا بەکاردەهێنرا.

تێگەیشتن لە تایبەتمەندییە تیشکدەرەکانی یۆرانیۆم تەنیا لە کۆتایی سەدەی نۆزدەهەمەوە دەستی پێکرد. لە ساڵی 1895 فیزیازانێکی ئەڵمانی فیلهێلم ڕۆنتگن لەکاتی تاقیکردنەوەی تێپەڕاندنی وزەى کارەبایی بە بۆرییەکی شوشەیدا تیشکی ئێکسی دۆزیەوە.

لە ساڵی 1896 زانای فیزیای فەڕەنسی هێنری بێکێرێل بۆی دەرکەوت کە خوێیەکانی یۆرانیۆم تیشکی نەبینراو دەردەدەن کە دەتوانێت کاریگەری لەسەر پلێتەکانی فۆتۆگرافی هەبێت، تەنانەت بەبێ ئەوەی بەر ڕووناکی بکەوێت. ئەم دۆزینەوە سەرەتای تێگەیشتن لە تیشکدەرەوەی سروشتی بوو.

لە ساڵی 1868 پیێر و ماری کیوری، زاراوەی "چالاکی تیشکی"یان بۆ وەسفکردنی ئەم دیاردەیە داهێنا و لە هەمان ساڵدا توخمەکانی پۆلۆنیۆم و ڕادیۆمیان لە کانزای پیتچبلێند جیاکردەوە. دواتر ڕادیۆم لە بوارە پزیشکییەکاندا بەکارهێنرا، بەتایبەتی لە چارەسەرکردنی هەندێک جۆری شێرپەنجەدا.

لە ساڵی 1900 فیزیازانی فەڕەنسی پاوڵ ڤیلارد جۆری سێیەمی تیشکی دۆزیەوە کە تیشکی گامایە. ئەم تیشکانە هاوشێوەی تیشکی ئێکس خاوەنی پلەیەکی بەرزی هێزی دزەکردنن. ئەم دۆزینەوە وردە وردە تێگەیشتنی زانایانی لە جۆرە جیاوازەکانی تیشکدا چەسپاند، لەوانە تەنۆلکەکانی ئەلفا و بێتا و تیشکی گاما.

کۆتاییەکانی ساڵانی 1930 و سەرەتای چلەکان پێشکەوتنی بەرچاو لە تێگەیشتن لە دابەشبوونی ئەتۆمیدا بەخۆیەوە بینی، دوای ئەوەی دەرکەوت کە دابەشکردنی ناوکی ئەتۆمی دەتوانێت بڕێکی زۆر وزە بدات و لە ژێر هەندێک بارودۆخدا دەتوانێت ببێتە هۆی کاردانەوەی زنجیرەی ئەتۆمی.

دوابەدوای ئەمەش توێژینەوەی ئەتۆمی لە بەریتانیا و ئەمریکا خێراتر بوو، بەتایبەتی لەگەڵ پەرەسەندنی جەنگی دووەمى جیهان و دەرکەوتنی بۆمبی ئەتۆمی. ئەم پێشهاتانە بووە هۆی دەستپێکردنی پڕۆژەی نهێنی گەورە، دیارترینیان پڕۆژەی مانهاتن بوو کە ئەمریکا سەرکردایەتی دەکرد، کە هەوڵە زانستی و پیشەسازییە بەرفراوانەکانی بۆ پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی کۆکردەوە.

لە ساڵی 1945 لە ئەنجامی ئەم پڕۆژەیە بۆ بەرهەمهێنانی یەکەم بۆمبی ئەتۆمی کەڵک وەرگیرا. لە مانگی تەمموزی ئەو ساڵەدا یەکەم تاقیکردنەوەی ئەتۆمی لە ناوچەى ترینیتی لە نیۆ مەکسیکۆ کرا و دواتر ئەمریکا دوو بۆمبی ئەتۆمی لە دژی شارەکانی هیرۆشیما و ناگازاکی ژاپۆن لە مانگی ئابی ساڵی 1945 بەکارهێنا.

ئێستا یۆرانیۆم وەک سووتەمەنی بۆ وێستگە ئەتۆمییە بازرگانییەکان بەکاردەهێنرێت کە کارەبا بەرهەمدەهێنن. هەروەها بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لە بەرهەمهێنانی چاویلەکەى تیشکدەر کە لە بوارەکانی پزیشکی و پیشەسازی و توێژینەوەدا بەکاردەهێنرێت، بەهەمانشێوە بۆ سەربازی و بەرگری.

یۆرانیۆمی کەم پیتێنراو لە زۆربەی سووتەمەنی وێستگە ئەتۆمییە بازرگانییەکاندا بەکاردەهێنرێت، لەکاتێکدا یۆرانیۆمی زۆر پیتێنراو لە هەندێک وێستگەى توێژینەوە و وێستگەى پاڵنەری دەریایی بەکاردەهێنرێت. هەروەها دەتوانرێت لە دروستکردنی چەکی ئەتۆمیدا بەکاربهێنرێت.

بەگوێرەى ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، وێستگەى توێژینەوەی ئەتۆمی بۆ بەرهەمهێنانی نیوتڕۆن بەکاردەهێنرێت، کە چەندین بەکارهێنانی زانستی، پزیشکی و پیشەسازیی هەیە. یەکێک لە دیارترین ئەم بەکارهێنانانە بەرهەمهێنانی هاوتاى پزیشکی مۆلیبدینیۆم-99 بە تیشکدانەوە بەو ئامانجانەی کە یۆرانیۆم-235یان تێدایە لەناو وێستگەکاندا.

پاشان مۆلیبدینیۆم-99 شى دەبێتەوە و دەبێتە تەکنیتیۆم- M99کە هاوتایەکى تیشکدەرە بە شێوەیەکی بەرفراوان لە وێنەگرتنی پزیشکیدا بەکاردەهێنرێت، بەتایبەتی لە پشکنینەکاندا کە یارمەتی دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکانی وەک شێرپەنجە و نەخۆشییەکانی دڵ دەدەن.

ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی دەڵێت، زیاتر لە 80%ـی ئەو وێنەگرتنە یان ئەشیعە پزیشکیانەی ساڵانە بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکانی وەک شێرپەنجە بەکاردەهێنرێن، لە زۆربەى کاتەکاندا بەهۆی ئەو دەرمانە تیشکدەرانەوەیە کە لە وێستگەکانى توێژینەوەی ئەتۆمیدا بەرهەمدەهێنرێن.