لێچوونەوەی پێشوەختەی سووڕی مانگانە چییە؟

وێنەی خانمێک تووشی گرفتی لێچوونەوەی پێشوەختەی سووڕی مانگانە بووە
وێنەی خانمێک تووشی گرفتی لێچوونەوەی پێشوەختەی سووڕی مانگانە بووە

لێچوونەوە لە سووڕی مانگانە پرۆسەیەکی سرووشتیی کۆئەندامی زاوزێی خانمانە، بەڵام ئەم پرۆسە ئاساییە دەکرێت بەهۆی هەندێک هۆکارەوە تێکبچێت و وەکو گرفتێکی تەندروستی سەرهەڵبدات، لە تەمەنێکی زووتردا خانمەکە سووڕی مانگانەکەی دەوەستێت.

لێچوونەوەی پێشوەختەی سووڕی مانگانە

بەشێوەیەکی گشتی لێچوونەوە لە سووڕی مانگانە لە تەمەنی 51 ساڵ بۆ سەرەوە ڕوودەدات، بەڵام لە لێچوونەوەی پێشوەختەی سووڕی مانگانەدا خانمەکە لە پێش تەمەنی 40 ساڵیدا سووڕی مانگانەی دەوەستێت، ئەم نەخۆشییە کاتێک دیاری دەکرێت کە کەسەکە بۆ ماوەی 12 مانگ سووڕی مانگانەکەی بوەستێت.

نیشانەکانی لێچوونەوەی پێشوەختەی سووڕی مانگانە چین؟

باوترین نیشانەکانی لێچوونەوەی پێشوەختەی سووڕی مانگانە بریتین لە:

  1. هەست کردن بە گەرمییەکی زۆر لە بەشی سەرەوەی جەستە
  2. وشکبوونەوەی ئەندامی زاوزێی خانمەکە
  3. ناڕێکیی خەو
  4. ناجێگیریی باری دەروونی
  5. زیادبوونی کێشی جەستە

هۆکارەکانی لێچوونەوەی پێشوەختەی سووڕی مانگانە چین؟

باوترین هۆکارەکانی لێچوونەوە پێشوەختەی سووڕی مانگانە بریتین لە:

  1. بۆماوەیی
  2. شێوازی ژیان
  3. کێشەی کڕۆمۆسۆم
  4. کێشەی سیستمی بەرگریی جەستە

چارەسەری لێچوونەوەی پێشوەختەی سووڕی مانگانە چییە؟

چارەسەری لێچوونەوەی پێشوەختەی سووڕی مانگانە بریتییە لە: پێدانی چارەسەری هۆڕمۆنی بە خانمەکە لەژێر چاودێریی پزیشكی پسپۆڕدا، وەک پێدانی هۆڕمۆنەكانی ئیسترۆجین و پڕۆجیسترۆن یان تەنیا هۆڕمۆنی ئیسترۆجین بدرێت بە خانمەکە بە شێوەی مانگانە، بۆ كەمكردنەوە ونەمانی نیشانەكانەکانی لێچوونەوەی پێشوەختەی سووڕی مانگانەی خانمەکە.

د. هاژە عەبدوڵڵا : پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی ژنان، منداڵبوون و نەزۆکی