چین بۆ ماوەی یەک ساڵ کەشتیوانێک دەنێرێتە سەر مانگ

ڕۆژی یەکشەممە چین سێ کەشتیوانی بۆ بۆشایی ئاسمان ڕەوانە کرد، یەکێک لەو کەشتیوانانە بڕیارە ماوەی یەک ساڵ لە بۆشایی ئاسمان بمێنێتەوە، ئەمەش درێژترین ماوەیە کەشتیوانێکی چینی لەبۆشایی ئاسمان مابێتەوە.

دەستپێکردنى گەشتەکە

کەشتی ئاسمانی شێنژوو-23، بەبەکارهێنانی موشەکی لۆنگ مارچ، کاتژمێرەکانی شەوی ڕابردوو بە کاتی کوردستان گەشتەکەی دەستپێکرد، چین لە ڕێگەی ئەم گەشتانەوە خۆی ئامادە دەکات تاوەکو بۆ یەکەم جار لە ساڵی 2030 مرۆڤ بنێرێتە سەر مانگ.

بنکەى ئاسمانى تیانگۆنگ

هەر سێ کەشتیوانەکەی چین دەڕۆنە بنکەی ئاسمانی تیانگۆنگ، بەڵام یەکێک لە کەشتیوانەکان ماوەی یەک ساڵ لەو بنکەیە دەمێننەوە، ئەمەش دەبێتە درێژترین ماوە کە کەشتیوانێکی ئاسمانی چینی لە بۆشایی ئاسمان بمێنێتەوە.

درێژترین ماوە کەى بوو کەشتیوانێک مابێتەوە؟

بەڵام درێژترین ماوە کە کەشتیوانێکی ئاسمانی لە جیهان لە بۆشایی ئاسمان مابێتەوە، ساڵی 1995 بووە کە کەشتیوانێکی ڕووسی ماوەی 14 مانگ و نیو لە بنکە ئاسمانییەکەیان مایەوە.

خێراکردنى پڕۆسەى گەیشتن بە مانگ

بە دەیان جار کەشتیوانە ئاسمانییە چینییەکان چوونەتە بۆشایی ئاسمان، بەڵام ئەم گەشتانەی ئێستا ئاژانسە چینییەکان ڕێکی دەخەن پەیوەستە بە خێراکردنی پڕۆسەی گەشتن بە مانگ، ئەو کێبڕکێیەی چین لەگەڵ ئەمریکا دەستیپێکردووە.

کێبڕکێکیانى ئەمریکا و چین لە بۆشایی ئاسمان

ئاژانسی ناسا دەیەوێت لە ساڵی 2028 تیمێکی تایبەتمەند بنێرێتە سەر مانگ، ئەمەش دوو ساڵ پێش ئەو وادەیەیە کە چین دایناوە، ئامانجی ئەمریکاش ئەوەیە ئامادەیی ئەمریکییەکان لەسەر مانگ دوایش بۆ سەر مەریخ پێش هەر وڵاتێکی دیکە بێت.