ترەمپ: ئەگەر لەگەڵ ئێران ڕێککەوتن بکەم وەك ئۆباما نایكەم

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا لە تروس سۆشیال بڵاویکردووەتەوە "ئەگەر لەگەڵ ئێران ڕێککەوتنێک بکەم، رێککەوتنێکی باش و دروست دەبێت، نەک وەک رێککەوتنەکەی ئۆباما کە بڕە پارەیەکی زۆری بە ئێران بەخشی و ڕێگەیەکی ڕوون و کراوەی بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی بەخشی.

ترەمپ: گوێ لە دۆڕاوەکان مەگرن

ترەمپ لە تروس سۆشیال دەشڵێت "رێككەوتنەكەمان تەواو پێچەوانەیە، بەڵام کەس نەیبینیوە، کەسیش ناوەڕۆکەکەی نازانێت، هێشتا دانوستانەکان بەردەوامن، بۆیە گوێ لە دۆڕاوەکان مەگرن، رەخنە لە شتێک دەگرن كە نایزانن، بە پێچەوانەی ئەوانەی پێش خۆم کە دەبوو ساڵانێک لەمەوبەر ئەم کێشەیەیان چارەسەر بکردایە، من گرێبەستی خراپ ناکەم.

گەڕاندنەوەى پارە بلۆککراوەکان

ئەم بڵاوکراوەیەی تڕەمپ لە کاتێکدایە بڕیاربووە دوێنێ، 12 ملیار دۆلار لە ڕێی بانكێكی روسیاوە لە قەتەرەوە بگوازرێتەوە بۆ ئێران؛ ئەمریكا پەشیمانبووەتەوە

ئەمریکا ڕێگرى لە گواستنەوەى پارەکە کردووە

محەمەد ساڵح سدقیان، لێكۆڵەری بواری سیاسی و ستراتیجی دەڵێت، سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن رێکەوتنێک لە نێوان تاران و واشنتن بە نێوەندگیری فەرماندەی سوپای پاکستان كراوە، كە 12 ملیار دۆلار لە بانکەکانی قەتەر بۆ ئێران بوگوازرێتەوە لە ڕێگەی بانکەکانی روسیاوە، بەڵام واشنتن پاشگەز بووەتەوە و لە رەزامەندییەكەی و رێگری لە گواستنەوەی ئەو بڕ پارەیە کردووە.

سدقیان لە سەكۆی "ئێكس" ئاماژەی بەوەكردووە، ئەم هەنگاوە بۆ دروستکردنی متمانە و ناردنی ئاماژەیەكی ئەرێنی بۆ تاران رێککەوتنی لەسەر کراوە، بەڵام جارێکی دیکە واشنتن رێزی لە پابەندییەكانی نەگرت، ئەمەش وادەكات ئێران هەڵوێستی خۆی لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەمریکا توندتر بکاتەوە بەهۆی نەبوونی نیازپاکی.