ڕۆیتەرز: دوو کەشتی دیکەی نەوت و گازی سرووشتی هوورمزییان بەجێهێشت
دوو کەشتی بارهەڵگریی گازی سرووشتی ئەمڕۆ بە ئاڕاستەی پاکستان و چین گەرووی هوورمز تێدەپەڕێنن، ئەمە لەکاتێکدایە کە ڕۆژی شەممە بارهەڵگرێکی هەڵگریی نەوتی عێراقیش گەرووەکەی لە پاش سێ مانگ بەجێهێشت.
کەشتى میتسوى ژاپۆنى
یەکێک لە کەشتییەکان بە ناوی کەشتی میتسوی ژاپۆنی بووە، بەڵام لەسەر ئەم بابەتە هیچ ڕاگەیێنراوێکی تاوەکو ئێستا بڵاونکردووەتەوە.
بەجێهێشتنى گەرووى هوورمز
کەشتی دووەمییان بەناوی ئەلرەییانە، بەگوێرەی ئەو داتایانەی کێپلەر بڵاویکردووەتەوە، کەشتییەکە گەرووەکەی بەجێهێشتووە و لە نێوان ئێران و عومانە، چاوەڕێ دەکرێت لە 27ی حوزەیران گازەکە بگەیەنێتە چین.
قەتەر ڕاگەیێندراوى نەبووە
قەتەر ئینێرجی کە خاوەندارێتی ئەم کەشتییە دەکات، تاوەکو ئێستا ئامادە نییە هیچ ڕاگەیێنراوێک لەسەر ئەم پرسە بڵاوبکاتەوە.
12 حوزەیران دەگاتە چین
بەگوێرەی ئەو داتا و زانیارییانەی کێپلەر بڵاویکردووەتەوە، کەشتی ڤی ئێل سی سی ئیگڵی سەنگافوری کە نزیکەی دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی بەسرەی هەڵگرتبوو و ڕۆژی شەمە گەرووەکەی بەجێهێشت، چاوەڕێ دەکرێت لە 12 حوزیران بگاتە چین.
دانوستانەکانى ئێران و ئەمریکا
دەرچوونی ئەم کەشتییانە لە گەرووی هوورمز لە کاتێکدایە دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران بۆ گەشتن بە ڕێککەوتن بەردەوامە، خاڵێکی سەرەکی دانوستانەکانیش کردنەوەی گەرووی هوورمزە کە چەند جارێک بەرپرسانی ئەمریکا هۆشدارییان لەسەر بڵاوکردووەتەوە.
25/05/2026