شاندێکی پارتی دەم سەردانی فراکسیۆنی جەهەپە دەکات
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، شاندێکی پارتی دیموکراسیی و یەکسانیی گەلان (پارتی دەم) سەردانی فراکسیۆنی پارتی کۆماریی گەل (جەهەپە) لە پەرلەمانی تورکیا دەکات.
کاتژمێر 13:30 خولەک کۆدەبنەوە
پارتی دەم بڵاویکردەوە، شاندێکی پارتەکە بە سەرۆکایەتیی تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی پارتی دەم، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سەردانی فراکسیۆنی جەهەپە دەکەن. پارتی دەم، ئاماژەی بەوەشکردووە، سەردانەکە کاتژمێر 13:30 دەبێت.
بەکارهێنانى هێز بۆ دوورخستنەوەى ئۆزگور ئۆزەل
سەردانی پارتی دەم بۆ لای جەهەپە پاش ئەوە دێت، دوێنێ بە زەبری هێز، ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی دوورخراوەی جەهەپە لە بارەگای سەرەکیی پارتەکە دەرکرا و ناوبراویش ڕووی لە پەرلەمان کرد و ئاماژەی بەوەکرد، لە ژووری فراکسیۆنەکەیانەوە لە پەرلەمان درێژە بە کارەکانیان دەدەن.
داواکارى کەمال کڵچدارئۆغڵو
بەکارهێنانی هێزی ئەمنی دژی بارەگای سەرەکیی جەهەپە، لەسەر داواکاریی کەمال کڵچدارئۆغڵو بوو، کە بە بڕیاری دادگا بۆ سەرۆکایەتیی جەهەپە گەڕێنراوەتەوە.
بڕیارى دادگا بە گۆڕانکاریی لە سەرکردایەتى جەهەپە
پاش بڕیارەکەی دادگا لە 21ـی ئایاردا بە دوورخستنەوەی سەرۆک و سەرکردایەتیی ئێستای جەهەپە و گەڕاندنەوەی سەرۆک و سەرکردایەتیی پێشوو، ئۆزگور ئۆزەل لە کۆبوونەوەیەکی داخراوی فراکسیۆنی جەهەپەدا کە 23ـی ئایار بەڕێوەچوو، بە دەنگی 95 پەرلەمانتار لە کۆی 96 پەرلەمانتار، بە سەرۆکی فراکسیۆن هەڵبژێردرا.
25/05/2026