تەڤگەری ئازادی: دەبێت بەزووترین کات ئاکەپە و مەهەپە هەنگاوی پێویست بنێن

تەڤگەری ئازادی لەبارەی ئەو قۆناغانەی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان پێیگەیشتووە، ڕاگەیێنراوێکی بڵاوکردەوە، دەڵێت، جگە لە ڕاگەیاندنی ئاگربەست و بەستنی کۆنگرە و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە، ڕێوڕەسمی سووتاندنی چەکیش بەڕێوەچووە و لە 26ـی تشرینی یەکەمی 2025ەوە، ئەندامانی پەکەکە لەناو سنوورەکانی تورکیادا کشێنرانەوە و هاوکات دوو بەرپرسی میت ئازادکران.

دیدارى ئیمراڵى

تەڤگەری ئازادی باسی لەوەشکردووە، لەو دیدارەی کە لە 27ـی ئازاردا لە ئیمراڵی ئەنجامدرا، ئاماژە بەوەکرا دەوڵەت لە مانگی نیساندا ژمارەیەک یاسا ئامادە دەکات بۆ ئەوەی پرۆسەکە بەرەوپێشبچێت و لە ڕاگەیێنراوەکەدا هاتووە: "نەک هەر یاساکان دەرنەچوون، بەڵکو نزیکەی دوو مانگیش رێگریی لە دیداری ئۆجەلان کرا".

باخچەلى سنوورى ڕێزى بەزاندووە

تەڤگەری ئازادی باسی لەوەشکردووە، باخچەلی ڕاگەیێندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا سنووری رێزی دژی ئۆجەلان بەزاندووە و داوایکردووە، مەحکومیەتی ناوبراو بەردەوام بێت لەکاتێکدا لە بانگەوازیدا لە سەرەتای پرۆسەکەدا داوای مافی هیوای بۆ دەکرد.

هێرشکردنى سەر جەهەپە ئاماژەیەکى ڕوونە

لە ڕاگەیێندراوەکەدا هاتووە، "بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی کۆنگرەی جەهەپە و هێرشکردنە سەر بارەگای سەرەکیی پارتەکە، نیشانی دەدات تێگەیشتنێکی ڕاستەقینە بۆ چارەسەری کێشەی کورد لە ئارادا نییە".

تەڤگەری ئازادی هێرش و ئۆپراسیۆنی سەر جەهەپە بە هێرش بۆ سەر سیاسەتی دیموکراسیی ناودەبات.

داواکارى تەڤگەرى ئازادى لە ئاکپارتى و مەهەپە

تەڤگەری ئازادی جەختی کردووەتەوە لەوەی بەردەوام دەبن لە جێبەجێکردنی بەرپرسیارێتییەکانیان لە چوارچێوەی پڕۆسەکەدا تاوەکو دەیگەیەننە ئەنجام و دەڵێت: "داوا لە دەسەڵاتی ئاکپارتی و مەهەپە دەکەین بە جددی و بەرپرسیارانە لە پرۆسەکە بڕوانن، بێ دواکەوتن هەنگاوی پێویست بهاوێژن".