وەرزی زێڕینی بەروبوومى خۆماڵی دەستیپێکرد
بەشێک لە بەروبوومی خۆماڵی هەرێمی کوردستان پێگەیشتووە و کاسبکارانی عەلوەی هەولێر داوا لە وەزارەتى کشتوکاڵ و بەغداد دەکەن ڕێگرى لەبەردەم هەناردەى بەروبوومى بۆ ناوچەکانى ناوەڕاست و خوارووى عێراق لابەرن.
وەرزی زێڕینی بەروبوومى خۆماڵی
بەشێکی زۆر لە بەروبوومى تەڕەکاڵ لە هەرێمی کوردستان پێگەیشتووە و وەکو دانا عەزیز سەرپەرشتیاری عەلوەی هەولێر دەڵێت "ئێستا وەرزی زێڕینی بەرهەمی خۆماڵییە". ناوبراو دڵنیایی دەدات، هەموو بەروبوومێکی تەڕەکاڵ و میوە بەردەستە و نرخیش جێگیرە.
ڕێگرییەکان لە بازگەکانى کەرکوک و مەخموور
سەرپەرشتیاری عەلوەی هەولێر، ئاماژەى بەوەشکرد، لە بازگەی دارەمان لە کەرکووک و بازگەی مەخموور ڕێگری لە هەناردەکردنی بەروبوومەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەکرێت و داواى لە بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ کرد بێتە سەر هێڵ و لەگەڵ بەغدا ئاسانکاری بکات و ڕێگرییەکە نەهێڵن.
جێبەجێکردنى سیستمى ئەسیکۆدا
هۆکاری ڕێگرى بازگەکان، پەیوەندى بە ڕێکارە ئیدارییەکان، نەبوونی یاسا گومرگی هاوبەش لە نێوان هەردوو حکومەت و جێبەجێکردنى سیستمى ئەسیکۆدا هەیە، هەرچەندە پێشتر چەند جارێک بانگەشەى ئەوە کراوە کە ڕێگرییەکە نەماوە.
25/05/2026