باڵیۆزی تورکیا لە عێراق: ئامانجمانە ئاستی بازرگانی لەگەڵ عێراق بگەیەنینە 30 ملیار دۆلار

دەروازەى ئیبراهیم خەلیلى نێوان هەرێمى کوردستان و تورکیا
دەروازەى ئیبراهیم خەلیلى نێوان هەرێمى کوردستان و تورکیا

باڵیۆزی تورکیا لە عێراق، ڕایگەیاند، وڵاتەکەی لە هەوڵدایە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی بازرگانی لەگەڵ عێراق بۆ دەوروبەری 30 ملیار دۆلاری ساڵانە.

ڕۆڵى تورکیا لە ئابووریی عێراق

ئانڵ بۆرا ئینان، باڵیۆزی توركیا لە عێراق، لە لێدوانێکدا بۆ میدیای فەرمیی عێراق ڕایگەیاندووە، تورکیا ڕۆڵێکی گرنگ دەبینێت لە پاڵپشتیکردن لە کەرتی ئابووریی عێراق و هەوڵدەدات بۆ پتەوکردنی.

بەرزکردنەوەى ئاستى هاوردە

گوتیشی، لە ساڵی 2025ـدا بڕی هاوردەی تورکیا بۆ عێراق گەیشتووەتە زیاد لە 12 ملیار دۆلار و لە هەوڵدان لە ماوەی داهاتوودا ئەو بڕە بگەیەننە 30 ملیار دۆلار.

ڕاشیگەیاند، عێراق پێنجەم گەورەترین هاوردەکاری تورکیایە و سێیەم گەورەترین بازاڕی خانووبەرەی هەیە لە تورکیادا.

بەکارهێنانی ئاوی سنوور بڕ

لە بارەی پرسی بەردانەوەی ئاوەوە، باڵیۆزی تورکیا لە عێراق ڕایگەیاندووە، پرسی ئاو سەرچاوەی هەماهەنگیی هەردوو وڵاتەکەیە و جەختیشیکردووەتەوە، بەکارهێنانی ئاوی سنوور بڕ بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشە لەهەریەک لە وڵاتی سەرچاوە و ئەو وڵاتەشی ئاوەکەی بۆ دەڕوات، ئاماژەی بەوەشکردووە، لەڕێگەی لیژنەی هاوبەشەوە هاوکاریی پێشکەشی عێراق دەکەن بۆ پێشخستنی ژێرخانی ئاوەکەی.

دۆسییەى داعشەکانى تورکیا

لە بارەی گێڕانەوەی داعشەکانی تورکیا لە عێراقەوە، ئینان ڕوونیکردووەتەوە، بەمنزیکانە 166 هاوڵاتیی تورک کە پێشتر داعش بوون، لە عێراقەوە دەگوازنەوە بۆ وڵاتی خۆیان، داواشیکرد، وڵاتانی دیکەش هەمان هەنگاو بنێن.