ساڵانە سێ بۆ چوار هەزار تۆن چەرەس هاوردەى هەرێمى کوردستان دەکرێت

لە جەژنەکانی ڕەمەزان و قورباندا، خواست لەسەر کڕینی چەرەس، نوقڵ و چکڵێت زیاد دەکات، هەرێمى کوردستان ساڵانە بە سەدان تۆن لە شەش وڵاتەوە هاوردە دەکرێت.

هاوردەکردنى 7 هەزار تۆن چکلێت و چەرەس

عەتا شێخ محەممەد، جێگری سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و ‏ناردنکارانی کوردستان بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاند، ساڵانە سێ بۆ چوار هەزار تۆن لە چەرەس و 200 بۆ 300 تۆن نوقڵ و چکلێت لەلایەن بازرگانانەوە هاوردە دەکرێن و زۆرترینیشى لە جەژنەکاندا دەفرۆشرێت.

لەناوخۆى هەرێم چى زۆرتر بەرهەمدەهێنرێت؟

جێگری سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و ‏ناردنکارانی کوردستان، گوتیشی "لە ناوخۆی هەرێمی کوردستاندا زیاتر گوڵەبەڕۆژە و ناوکەکولەکە بەرهەمدەهێنرێت، بەڵام خواستی ناوخۆ پڕ ناکاتەوە و بەگشتی بە پلەی یەکەم پشت بە هاوردەی ئێران دەبەسترێت و بە پلەی دووەمیش تورکیا".

4 تۆن بەس لە جەژنەکاندا دەفرۆشرێت

شێراز حەمە ڕەشید، بازرگانێکی هاوردەکاری چەرەس و چکلێتە لە سلێمانی، ساڵانە زیاتر لە 10 تۆن لە چەرەس و هەشت تۆن لە نوقڵ و چکلێت هاوردە دەکات، ئەو بە کەناڵ8ـى گوت "لەو بڕە زیاتر لە چوار تۆنی، کە دەکاتە 60%ـی بڕی هاوردەکراو، لە جەژنەکاندا دەفرۆشرێت و لە بڕی هەشت تۆن لە نوقڵ و چکلێت، شەش بۆ حەوت تۆنی لە جەژنەکاندا دەفرۆشرێت، کە دەکاتە 90%ـی بڕی هاوردەکراو".

پێشبینى بۆ ئەمساڵ

بە گشتی نرخی یەک کیلۆ چەرەس لە بازاڕەکاندا لە 10 هەزا دینارەوە دەستپێدەکات لە کاتێکدا ساڵی ڕابردوو لە 8 هەزار دینارەوە دەستیپێدەکرد، تاوەکو 25 هەزار دینار و بەگوێرەی پێکهاتە و جۆرەکەی، نرخەکەی دەگۆڕێت. عەتا شێخ محەممەد، پێشبینى دەکات ئەمساڵ بە تێکڕا لە هەرێمى کوردستان بە بەهای 20 ملیار دینار چکلێت و 24 ملیار دینار چەرەس بکڕدرێت.

بەکارهێنانى چەرەس و چکلێت بۆ هەر خێزانێک

بەگوێرەی خەمڵاندنی کەناڵ8، بە پشتبەستن بە دوایین داتای سەرژمێریی دانیشتووان، هەر خێزانێک ئەگەر یەک کیلۆ چەرەس بۆ جەژن بکڕێت، بە تێکڕای بڕی 24 ملیار و 824 ملیۆن و 934 هەزار دینار داهاتی فرۆشتنی چەرەسە، چونکە ژمارەی خێزانەکانی هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە یەک ملیۆن و 379 هەزار و 163 خێزان. لەکاتێکدا ساڵی ڕابردوو تێکڕای نرخەکە 22 ملیار دینار بوو.

داهاتى فرۆش

بەگوێرەی ئەوەی نرخی یەک کیلۆ لە نوقڵ و چکلێت بەگشتی لە پێنج هەزار دینارەوە دەستپێدەکات تاوەکو 25 هەزار دینار، بەتێکڕا داهاتی فرۆشی دەکاتە 20 ملیار و 687 ملیۆن و 445 هەزار دینار. لە کاتێکدا ساڵی ڕابردوو بە تێکرا 19 ملیار دینار بوو.

هاوردەکردنى چەرەس و چکلێت لە وڵاتانەوە

هەرێمی کوردستان بە زۆری چەرەس لە شەش وڵاتەوە هاوردە دەکات، لە ئێران فستق و گوڵەبەڕۆژە، لە تورکیا گوڵەبەرۆژە و فستق و بندوق، لە چین گوڵەبەرۆژە و ناوکەکولەکە، لە هیندستان عەلى بابا و مێوژ، لە ڤێتنام گازۆ و لە ئەمریکا فستق.