ئۆجەلان: لە ئیمراڵی لەڕێگەی هەنگاوە یاساییەکانەوە بەرەو چارەسەر دەچین

شاندی ئیمراڵی کە سەردانی ئۆجەلانیان کردووە
شاندی ئیمراڵی کە سەردانی ئۆجەلانیان کردووە

عەبدوڵا ئۆجەلان بە شاندی ئیمراڵیی پارتی دەمی ڕاگەیاندووە: "لە ئیمراڵی لەڕێگەی هەنگاوە یاساییەکانەوە بەرەو چارەسەر دەچن و دەڵێت، پرۆسەیەک دەستپێدەکەن لەپێناو سەرلەنوێ ڕێکخستنەوە، هاوچەرخکردن و مۆدێرنکردنی پەیوەندییەکانی نێوان تورک و کورد".

کۆبوونەوەی شاندەکە لەگەڵ ئۆجەلان و زیندانیانی دیکە

شاندی ئیمراڵی پارتی دیموکراسیی و یەکسانیی گەلان (پارتی دەم) دوێنێ سەردانی دوورگەی ئیمراڵی کرد و لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان و زیندانییەکانی دیکەی دوورگەکەدا کۆبووەوە.

هەر ئەمڕۆ شاندەکە ڕاگەیێنراوێکی لەبارەی کۆبوونەوەکە بڵاوکردووەتەوە و گوتە و هەڵسەنگاندنەکانی ئۆجەلانی گواستووەتەوە.

دووچاربوونی کۆمەڵگە بە تەنگژەی گەورە

بەگوێرەی ڕاگەیێنراوەکە، ئۆجەلان ئاماژەی بەوەکردووە،کۆمەڵگە لەسەر تەواوی ئاستەکانی ژیان، لە ڕووی ئەخلاقی، سیاسی، یاسایی و ئابوورییەوە تووشی تەنگژەیەکی گەورە بووەتەوە، بۆیە ئەوان سوورن لەسەر ئەو پرۆسەیەی بەناونیشانی پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیی دەستیان پێکردووە و پەلەی لێدەکەن.

ئەگەری بەرپابوونی تووندوی زیاتر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

عەبدوڵا ئۆجەلان دەڵێت: "باوەڕموایە بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هێشتا دووگیانە بە هەموو شتێک". لەبارەی جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیلیشەوە دەڵێت، ئەو دوو وڵاتە بەرەو تووندی زیاتر دەچن.

دەربارەی گەورەکردنی ناسیونالیزم

ئۆجەلان ڕەخنە لە پەرەپێدانی ناسیۆنالیزم لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگرێت و دەڵێت: " گەورەکردنی ناسیۆنالیزم زیانی گەورە دەگەیەنێت. ئێمە کار لەسەر پرۆسەیەک دەکەین کە پەرەسەندنە پڕ مەترسییەکانی ناوچەکە لەبەرچاو بگرێت، ڕێگرییان لێ بکات و بەسەر تەسفییەکردنی خوێناویدا زاڵ بێت".

دەربارەی پرۆسەی ئاشتی

عەبدوڵا ئۆجەلان جەخت لەوە دەکاتەوە لەبارەی پرۆسەکە کاتیان بۆ لەدەستدان نییە و دەڵێت: "باوەڕموایە سەرجەم کارەکتەرەکان بەم تێگەیشتنە لە بەرپرسیارێتیی مێژوویی مامەڵە دەکەن و پەرلەمانی تورکیاش بە هەمان هەستیارییەوە کارەکان بەڕێوەدەبات".

هەمواری یاسایی پرۆسەی ئاشتی

لەبارەی هەموارە یاساییەکانی تایبەت بە پرۆسەکەش، ئۆجەلان دەڵێت: "یاسایەکی چوارچێوە، دەتوانێت ببێتە بناغەی پرۆسەی بەدیموکراسیبوون. هەمواری یاساکان، ئێمە دەخاتە ناو بونیادنانێکی پۆزەتیفی ڕاستەقینە و پرۆسەیەکەوە کە تێیدا چەرخی دیموکراسی دەسووڕێتەوە".

ڕووداوی بەکارهێنانی هێز لە دژی بارەگای جەهەپە

ئۆجەلان لەبارەی ڕووداوی بەکارهێنانی هێز دژی بارەگای سەرەکیی پارتی کۆماریی گەل (جەهەپە) دواوە و دەپرسێت: "ئایا چوونە ناو بارەگای گشتیی پارتێکی سیاسی بە شکاندنی دەرگاکەی بە چەکوش، شتێکە لە دیموکراسیدا ڕووبدات؟" و دەڵێت: "ئەو ڕێکارانەی دژی جەهەپە گیرانەبەر، پەیوەندییان بە نەبوونی دیموکراسییەک کە بە دروستی کاربکات و سیاسەتی دیموکراسییەوە هەیە. ئەو هۆکارەی کارەکانی گەیاندە ئەم خاڵە، نەبوونی دیموکراسییە لە بنەمای کۆماردا".

هەنگاوەکانی ئیمراڵی

عەبدوڵا ئۆجەلان باس لە یەکێک لە کایەکانی جێگەی بایەخ و گرنگیی دەکات و دەڵێت: "لە ئیمراڵی لەڕێگەی هەنگاوە یاساییەکانەوە بۆ چارەسەر دەچین. گرنگییەکی زۆر بەوە دەدەین کۆمار بۆ دەرچە و یاسایەکی دیموکراسی ئامادە بکەین".

لەبارەی ڕۆڵی کورد لە کۆماری تورکیاشدا دەڵێت: "واتای تێکەڵبوونی کورد لەناو کۆماری دیموکراسیدا هەر ئەمەیە. هەوڵ دەدەین دۆخێک تێبپەڕێنین کە ماوەی چەندین ساڵە پرسی کوردی قفڵ کردووە. توخمی توندوتیژیی کە لە پرسی کوردەوە سەرچاوە دەگرێت، بە سیستمی چارەسەری تێدەپەڕێندرێت".

ئۆجەلان ئەم پرۆسەیەی ناوناوە "پرۆسەی سەرلەنوێ ڕێکخستنەوە، هاوچەرخکردن و مۆدێرنکردنی پەیوەندییەکانی نێوان تورک و کورد".