ڕاپرسییەکە: ئۆزگور ئۆزەل لە جەهەپەدا بمێنێتەوە

ئۆزگور ئۆزەل سەرۆکی دوورخراوەی جەهەپە. فۆتۆ: AA
ئۆزگور ئۆزەل سەرۆکی دوورخراوەی جەهەپە. فۆتۆ: AA

لە یەکەم ڕاپرسییدا دوای بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی کۆنگرەی جەهەپە، نزیکەی 85%ی دەنگدەرانی جەهەپە دەڵێن، هێشتا دەنگ دەدەنە پارتەکەیان و  93%یان باوەڕیانوایە نابێت ئۆزگور ئۆزەل لە جەهەپە جیابێتەوە.

هەڵوەشاندنەوەی کۆنگرەی 38ی جەهەپە

لەدوای بڕیارەکەی دادگا بۆ هەڵوەشاندنەوەی کۆنگرەی 38ی جەهەپە و لادانی ئۆزگور ئۆزەل لە سەرۆکایەتی و دوورخستنەوەی دەستەی ئێستای سەرکردایەتی ناوەندی ئۆ ئار سی (ORC) بۆ لێکۆڵینەوە کۆمەڵایەتی، سیاسیی و ستراتیژییەکان لە ڕۆژانی دوای بڕیارەکە لە 23 و 24ی ئەم مانگەدا ڕاپرسییەکی ئەنجامداوە.

چۆنێتی ئەنجامدان و پرسیاری ڕاپرسییەکە

ڕاپرسییەکە لەگەڵ دوو هەزار و 160 کەس لە 18 پارێزگای تورکیا لەڕێگەی مۆبایلەوە ئەنجامدراوە، پرسیاری ئەوە لە بەشداربووان کراوە ئەگەر سبەی هەڵبژاردنە گشتییەکان ئەنجامبدرێت، دەنگ بە کام پارتی سیاسیی دەدەیت. بەگوێرەی ئەنجامەکان، 32.4%ی بەشداربووان دەنگ بە ئاک پارتی دەدەن، 28.5%یان دەنگ بە جەهەپە دەدەن، 9.6%ی بەشداربووان دەنگ بە پارتی دەم دەدەن، 7.7% دەنگ بە مەهەپە و 5.6% دەنگ بە ئیی پارتی دەدەن.

ڕاپرسییەکە لە دەنگدەرانی جەهەپەی پرسیوە، ئایا ئامادەیت دوای بڕیاری دادگا بۆ لادانی ئۆزگور ئۆزەل و سەرکردایەتی جەهەپە، دەنگ بە پارتەکە بدەیت، 84.3% دەڵێن دەنگ دەدەنە جەهەپە و 6.7% دەنگ نادەنە پارتەکە و 9% بڕیاریان نەداوە.

هاوکات پرسیاری ئەوە لە دەنگدەرانی جەهەپە کراوە، پێویستە پلانی ئۆزگور ئۆزەل چی بێت دوای بڕیارەکەی دادگا، 92.2%یان دەڵێن لە جەهەپەدا بمێنێتەوە و 7.8%یان دەڵێن پارتەکە جێبهێڵێت و پارتێکی نوێ درووستبکات.