ناسڕ ڕەزازی نوێترین بەرهەمی بڵاوکردەوە

هونەرمەندی دیاری کورد، ناسڕ ڕەزازی نوێترین بەرهەمی بەشێوەی ڤیدیۆکلیپ بەناوی "فنجانە" بڵاوكردەوە.

تێكستەكەی لەلایەن خۆیەوە نووسراوە

ناسڕ ڕەزازی لە چەناڵی یوتیوبی خۆی كلیپی "فنجانە"ی بڵاوكردەوە، كە تێكستەكەی لەلایەن هونەرمەند خۆیەوە نووسراوە و ئاوازەكەی ئامەدییە، هونەرمەند بڵند قەرەداغی كاری دابەشكردنی موزیك و ماسترینگی بۆ كردووە و لەلایەن زارێ پرۆدەكشن كاری بەرهەمهێنان بۆ ڤیدیۆکلیپەکە ئەنجامدراوە.

بەرهەمی "فنجانە" دیارییەکی بچووکی منە بۆ ئێوە

ناسڕ رەزازی لەگەڵ بڵاوكردنەوەی ئەم بەرهەمەی دەڵێت، "زۆر دڵخۆشم کە جارێکیتر لە ڕێگەی کارێکی نوێی هونەرییەوە بەسەرتان دەکەمەوە، بەرهەمی فنجانە دیارییەکی بچووکی منە بۆ ئێوەی دڵسۆز و ئەویندارانی ڕەسەنایەتی، کە تێیدا هەوڵمان داوە هەستی مۆسیقای کوردی بە شێوازێکی شایستە بپارێزین".

ناسر ڕەزازی لە ٢١ی حوزەیرانی ١٩٥٥ لە شاری سنە لەدایکبووە و یەکێک لە هونەرمەندە دیارەکانی کورد کە توانیویەتی بە ھەموو زاراوەکانی کوردی گۆرانی بڵێت، ھەر لە سنە دەستی بە گۆرانیوتن کردووە و لە تەمەنی گەنجیدا چەند کاسێتێکی تۆمار کردووە ، خاوەنی چەندین گۆرانی و ئەلبومی تایبەت بە خۆیەتی و بەشێک لە بەرهەمەکانیشی نیشتمانین.